گوتەبێژی كۆشكی سپی دەستی لەكار كێشایەوە

:: AM:10:00:22/07/2017 ‌

شۆن سپایسەر گوتەبێژی فەرمی بەناوی كۆشكی سپی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەست لەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا "ئەنتۆنی سكاراموتشی" وەك بەڕێوەبەری پێوەندییەكانی كۆشكی سپی دیاری كرد.

ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە، سكاراموتشی تەمەن 53 ساڵ پسپۆڕی دارایییە لە وۆل ستریت و ماوەیەكی زۆریشە پشتیوانی سەرسەختی دۆناڵد ترەمپ و بیر و ئاراستەكانی ترەمپە لە دنیای ئابووری و بازرگانیدا.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، هەرچەندە ڕاگەیەنراوی فەرمی كۆشكی سپی لەبارەی دامەزراندنی "ئەنتۆنی سكاراموتشی" لە كۆشكی سپی بڵاو نەكراوەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەك پێشتر بە "فرانس پرێس"ی ڕاگەیاند، ترەمپ سوورە لەسەر بڕیارەكەی و سكاراموتشی دامەزراندووە.

دوێنێ هەینی سەرچاوەكان لە كۆشكی سپی "سكاراموتشی"یان لە بەشی ڕۆژئاوای كۆشكی سپی بینیوە لەو كاتەی لەگەڵ كارمەندانی نووسینگەی ڕاگەیاندنی كۆشكی سپی لە كۆبوونەوەدا بووە.

ئەو پۆستەی سكاراموتشی زۆر گرنگ و بەرزە لە كۆشكی سپی، بەرپرسیاریەتی هەموو پێوەندییەكان لە ئەستۆ دەگرێ، پێشتر مایك دوبك لەو پۆستە دانرا، بەڵام لە مانگی ئایار/مایۆی ڕابردوو دەستی لەكار كێشایەوە، پێشبینی دەكرێ هۆی دەست لەكاركێشانەوەی شۆن سپایسەری گوتەبێژی كۆشكی سپیش بەهۆی دانانی سكاراموتشی بێ لەو پۆستە گرنگەدا.

سپایسەر تەمەنی 45 ساڵە و دوای دەست لە كاركێشانەوەی وەك كورتترین ماوەی كاركردن لە گوتەبێژ لە كۆشكی سپی هەژمار كراوە و باسی لێوە دەكرێ.

سەرچاوە/العربیە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د