لەدوای گەڕانەوەی شاندەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە تاران، بڕیارە لەمڕۆوە شاندێكی ئەو حزبە سەردانەكانی بۆ لای حزب و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دەست پێ بكات بۆ گەیاندنی پەیامی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی ریفراندۆمی باشووری كوردستان.
ئەمڕۆ شەموو 22ی تەمووز ماڵپەڕی فەرمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای كردووە، بڕیارە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە شاندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی پرسی ریفراندۆم لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە و لە یەكەمین كۆبوونەوەشدا ئەمڕۆ لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی كۆ دەبێتەوە.
زیاتر روون كراوەتەوە، بڕیارە لەو كۆبوونەوانەدا شاندەكەی یەكێتی ناوەڕۆكی سەردانەكەی یەكێتی بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بخەنە ڕوو، تاوتوێی پرسی ریفراندۆم بكەن و كاراكردنەوەی پەرلەمان بكەنە تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكانیان.
كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو ئاستێكدا بە بەردەوامی دژایەتی خۆی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە باشووری كوردستان پیشان داوە و دوای گەڕانەوەی شاندەكەی یەكێتی لە تاران، محەمەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران ئەنجامدانی ریفراندۆمی لە باشووری كوردستان بە هەڵە وەسف كرد و رای گەیاند، كۆماری ئیسلامیی ئێران جیابوونەوەی كورد لە عێراق قبووڵ ناكات.
سەردانەكەی ئەمڕۆی شاندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەكاتێكدایە كە كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان دوو لایەنی هەرێمی كوردستان بوون لە كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بەشدار نەبوون و تا ئێستە هیچ هەڵوێستێكیان لەبارەی ئەو پرسەوە بە فەرمی دەرنەبڕیوە، هەرچەند بزووتنەوەی گۆڕان وەك ئاماژەی پێ دەدەن "مەبدەئییەن" لەگەڵ پرسی ریفراندۆمن، بەڵام ئەوان كۆمەڵێك مەرجیان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە و یەك لەوان كاراكردنەوەی پەرلەمانە.