گۆڕان خۆی رێک دەخاتەوە
دوای هەڵبژاردن کۆبوونەوەکانی دەست پێ دەکات

:: AM:10:39:22/07/2017 ‌

بزووتنەوەی گۆڕان دوای کۆچی نەوشیروان مستەفا، تا ئێستە هیچ بڕیارێكی نەداوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت دوای هەڵبژاردنە ناوخۆیییەكان كە بڕیارە سێشەم 25ـی تەمووز بۆ دروستكردنی خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەر ئەنجام بدرێت، جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆ سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، بەپێی دەستووری ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن بە پێی ئەركەكانی پێك دێت لە ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەكە، سكرتێرەكانی كاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراكسیۆن، ژوورەكان، باژێڕەكان، خەڵك و سەرۆكی جڤاتی گشتی.

ئەمڕۆ شەموو22ـی تەمووز، ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاندووە لە كۆبوونەوەی جڤاتی گشتی گۆڕاندا پرۆسەی‌ هەڵبژاردن بۆ  دەستەی‌ سەرۆكایەتی‌ بەڕێوە دەچێت‌ كە پێك دێن لە سەرۆكی جڤاتی گشتی و جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی و سكرتێری جڤاتی گشتی، هەروەها بۆ هەر سێ پۆستەكەی دەستەی سەرۆكایەتی جڤاتی گشتی 10 كەس خۆیان كاندید كردووە.

ئەگەر بە پێڕەوی ناوخۆیی حزبەكەش سەیر بكرێت، جڤاتی گشتی دامەزراوەیەكی ڕاوێژكارییە و سەرۆكی جڤاتەكە دەبێتە یەكێك لە حەوت ئەندامەكەی خانەی راپەڕاندن.

هەفتەی ڕابردووش پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، دەیانەوێت بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بكەن، بۆ ئەم مەبەستەش پێوەندییان پێوە كردوون و چاوەڕوانی هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندنن.

بەپێی پێڕەوی ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، هەڵبژاردنی ڕێكخەری گشتی لەناو جڤاتی نیشتمانی ‌و دوو ساڵ جارێك دەبێت‌، هەر كەسێك تەنیا بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆی هەیە بۆ هەمان پۆست خۆی كاندید بكات، هەروەها هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەكە كە بە ڕێكخەری گشتییەوە لە حەوت كەس پێك دێن لە ناو جڤاتی نیشتمانی‌ و دوو ساڵ جارێك دەبێت‌ و تەنیا بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆیان هەیە بۆ هەمان پۆست خۆیان كاندید بكەن.

شێركۆ بینایی چاودێری سیاسی لە سلێمانی کە هەڵسووڕاوێكی پێشووی ئەم بزووتنەوەیە بوو بۆ "وشە" دەڵێ، هیوادارم گۆڕان پرۆسەی هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندنی بە ئاسانی تێپەڕێنێت و هیچ كێشەیەك دروست نەبێت، چونكە ئێستە حزبەكان پێویستیان بە كۆبوونەوە هەیە بۆ چارەسەری كێشەكان.

زیاتر روونی دەکاتەوە، پێویستە گۆڕان دوای هەڵبژاردنەكان ئیتر بڕیار بدات و چیتر لەسەر پەتی دوولا یاری نەكات، ئەمە لە بەرژەوەندی میلەت نییە.

بەگوێرەی زانیارییەكان تا ئێستە "عومەری سەید عەلی" وەك تاكە ڕكابەری پۆستی ڕێكخەر كاندیدە، هەریەك لە (عوسمانی حاجی مەحموود، جەلال جەوهەر، جەمال حاجی محەمەد، شۆڕش حاجی، محەمەد تۆفیق ڕەحیم، ئاسۆ ڕەحیم، شەماڵ عەبدولوەفا، ئاسۆ مەحموود، عەبدوڵا مەلا نووری)، ئەو كەسانەن كە بڕیارە خۆیان كاندید بكەن بۆ خانەی ڕاپەڕاندن.



وشە - رامیار جەواد