مه‌هدی ئومێد: له‌ شانۆ و سینه‌مادا سه‌ربه‌خۆییم پێش هه‌موو شتێك داناوه‌

:: AM:11:17:22/07/2017 ‌

مه‌هدی ئومێد كه‌ یه‌ك له‌ ده‌رهێنه‌ره‌ دیاره‌كانی سینه‌مای كوردییه‌، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه‌"دا گشتپرسی و ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌خاته‌ به‌ر رۆشنایییه‌وه‌ و پێی وایه‌، سینه‌ما ده‌توانێ رۆڵی گرنگ له‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌ت ببینێ به‌تایبه‌تی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان و ئاماژه‌ ده‌دات، سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ڕیفراندۆمی نه‌ده‌ویست، به‌ڵام ئێسته‌ بووه‌ته‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌م و پێویست به‌ خۆدزینه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌گرتن ناكات، ده‌بێ هه‌موومان ده‌نگی خۆمان به‌"به‌ڵێ" پێشكه‌ش بكه‌ین. ئه‌و ده‌ڵێ  "من سه‌رم له‌ ڕووناكبیر و نووسه‌ره‌ به‌ڕێزه‌كان سوڕ ماوه‌ كه‌ هیچ هه‌ڵوێستێكی ڕوون و ئاشكرایان نییه‌ و  بێده‌نگن، شیعر بۆچی باشه‌ ئه‌گه‌ر بۆ ئازادی نه‌بێ، چیرۆك و ڕۆمان و شانۆ و سینه‌ما بۆچی باشن ئه‌گه‌ر  پێكه‌وه‌ كه‌ڕنه‌ڤاڵی ڕۆژانه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ساز نه‌كه‌ن؟

* وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی به‌ئه‌زموون چۆن له‌ ریفراندۆم و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌ڕوانی؟
سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ڕیفراندۆمی نه‌ده‌ویست، به‌ڵام ئێسته‌ ریفراندۆم بووه‌ته‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌م و پێویست به‌ خۆدزینه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌گرتن ناكات، ده‌بێ هه‌موومان ده‌نگی خۆمان به‌"به‌ڵێ" پێشكه‌ش بكه‌ین. له‌ڕاستیدا ده‌بوو ئه‌و پرسه‌ به‌بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی و یه‌كتر ته‌ڵاقدان ده‌ستی پێ بكردایه‌، پاشان چاوه‌ڕوانی دۆستانی كوردستان و دانپێدانانی ده‌وڵه‌تمان بكردایه‌. ئێسته‌ش ده‌یان وڵات هه‌ن دانیان به‌ئیسرائیلدا نه‌هێناوه‌، به‌ڵام ئه‌وان بوێریی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و یه‌كده‌نگییان، هه‌لی ئه‌وه‌ی بۆ ڕه‌خساندن له‌ سه‌دان ملیۆن عاره‌ب و ئیسلام نه‌ترسن و خێوه‌تی خۆیان له‌ناوجه‌رگه‌یاندا هه‌ڵبده‌ن. پاشان ئه‌م ڕه‌شماڵه‌یان كرده‌ جوانترین كۆشك و ته‌لاری هه‌موو دنیا. ئێمه‌ هه‌لی مێژووییمان له‌ ده‌ست دا و ده‌كرا كاتی لاوازیی شیعه‌ و سوننه‌ هه‌موو شتێكیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنین، سیاسه‌تمه‌دارانی كورد دووربین نه‌بوون و برایه‌تی درۆوده‌له‌سه‌ی كورد و عاره‌بیان زۆر لا گرنگ بوو، جاران ئه‌م به‌دبه‌ختییه‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی شیوعییه‌كانی كوردبوو، كه‌چی پارتی و یه‌كێتی سواری هه‌مان فارگۆن و شه‌مه‌نده‌فه‌ر بوونه‌وه‌، ده‌یان جار نووسیمان نووری سه‌عید و قاسم و سه‌دام و مالیكی و جه‌عفه‌ری و ئه‌لحه‌كیم و قوزه‌ڵقورت و عه‌لی و وه‌لی جیاوازییان نییه‌ و لێیان دوور بكه‌ونه‌وه‌، ده‌بوو به‌شداری وه‌زاره‌ته‌كانی عێراقیان نه‌كردایه‌، پاش هاتنی ئه‌مه‌ریكا له‌ساڵی ٢٠٠٣ مامۆستا سه‌عد هه‌ندێك هونه‌رمه‌ند و ڕۆشنبیری لای خۆی كۆ كرده‌وه‌ و پرسیاری كرد كه‌ له‌م ده‌رفه‌ته‌دا چی بكه‌ین؟ من گوتم، داواكارم كورد به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شداری له‌ گیروگرفت و بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقدا نه‌كات، رۆژانه‌ خه‌ڵك بێنه‌ سه‌رشه‌قام و داوای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت بكه‌ین. 

پاش ماوه‌یه‌كی تر سه‌رۆك بارزانی ڕۆشنبیرانی بانگێشت كرد، له‌وێشدا من گوتم رووسیای فیدراڵ چه‌ندان كۆماری تێدایه‌ و ناویان هه‌رێم نییه‌، به‌ڵكو ناویان كۆماری داغستان و كۆماری چیچینیا و زۆری تره‌، هه‌موویان سه‌رۆك كۆمار و ئاڵا و په‌رله‌مانی خۆیان هه‌یه‌ و ڕووسیاش زۆر هاوكاریانه‌. به‌لای جه‌نابتانه‌وه‌ وشه‌ی هه‌رێم شایسته‌ی ئه‌م كوردستانه‌یه‌؟.

تا ساڵی ٢٠١٣ خه‌ڵك تێروته‌سه‌ل و دڵخۆش بوون و پاره‌ هه‌بوو، ئه‌وكاتیش ده‌كرا ڕیفراندۆم ئه‌نجام بدرێت و نه‌مانكرد. ئێسته‌ ریفراندۆم بووه‌ته‌ خاڵێكی زۆر گرنگ و پێویسته‌ هه‌رچی بۆڵه‌بۆڵ و ڕه‌خنه‌ هه‌یه‌ له‌ بیری بكه‌ین و هه‌موو ده‌بێ له‌به‌رده‌م دنیادا بڵێین  "پڕ به‌ده‌م بانگه‌كه‌م سه‌ربه‌ستیم ده‌وێ". كه‌س بیر له‌وه‌ نه‌كاته‌وه‌ ئه‌مه‌ ته‌نیا موڵكی پارتییه‌ و بڵێ ده‌نگ ناده‌م، مرۆڤی دڵسۆز زۆرن له‌ناو حزبه‌كاندا و له‌ ده‌ره‌وه‌ی گه‌مه‌ی حزبایه‌تیش، خۆزگه‌ یه‌كده‌نگ بووینایه‌ و سه‌داسه‌د به‌ "به‌ڵێ" ده‌نگمان بدایه‌. هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵك ئازادن، به‌ڵام پێویسته‌ هه‌موو كوردستان پێكه‌وه‌ بڵێن "به‌ڵێ" بۆ سه‌ربه‌خۆیی. كه‌واتا ده‌بێ هونه‌ر ڕۆڵی خۆی ببینێ، چونكه‌ خه‌ڵك ڕاوبۆچوونی هونه‌رمه‌ند و ڕۆشنبیرانی لا گرنگه‌.

* تۆ ده‌مێكه‌ له‌ بواره‌كه‌ی خۆتدا وه‌ك شانۆكار و سینه‌ماكار كار ده‌كه‌یت، سینه‌ما ده‌توانێ چی بۆ قۆناغی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی بكات؟
تازه‌ دره‌نگه‌ و دوو مانگ ماوه‌ بۆ ریفراندۆم، سینه‌ما ده‌توانێ چی بكات؟ ده‌بوو ساڵانێك پێش ئێسته‌ سینه‌ماكار و شانۆكار و ڕۆشنبیران به‌گشتی ده‌ستی سیاسه‌تمه‌دارانیان بگرتایه‌ و له‌ به‌رهه‌مه‌كانیاندا سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیان به‌ئاشكرا باس بكردایه‌. من ویژدانم ئارامه‌ و هه‌رده‌م له‌ شانۆ و سینه‌ما و شیعر و ژانره‌ ئه‌ده‌بییه‌كاندا سه‌ربه‌خۆیی كوردستانم پێش هه‌موو شتێك داناوه‌، كه‌واتا له‌م ڕۆژگاره‌ سه‌خته‌ی كه‌ مرۆڤی كوردستانی تێدا تێپه‌ڕ ده‌كات، هه‌ر هه‌نگاوێك بنرێ بۆ سه‌ربه‌ستی گرنگه‌ و ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ ده‌گمه‌نه‌. به‌داخه‌وه‌ ئێسته‌ ڕۆژگاری دابڕان و لێكترازان و وه‌رزی شه‌ڕه‌جنێو و تۆمه‌تباركردن و برینداركردنی یه‌كتره‌، ئه‌مه‌ چ به‌دبه‌ختییه‌كه‌ و كێ ئه‌م شانۆگه‌رییه‌ی بۆ ڕه‌خساندووین؟ ده‌بوو بانگدانی سه‌ربه‌خۆیی پارته‌كانی له‌یه‌كتر نزیك بكردایه‌ته‌وه‌، ده‌بوو خه‌ڵك خۆی هاواری بكردایه‌ نیوه‌ی مووچه‌كانمان بۆ سه‌ربه‌خۆیی پاشه‌كه‌وت بكه‌ن، هه‌موو كه‌ره‌سته‌كانمان به‌ره‌واژه‌ به‌كار هێناوه‌. ده‌بوو پارتی ڕێی به‌و هه‌موو توانج و جنێو و په‌لاره‌ نه‌دایه‌ و پارتی مێژوویه‌كی دوور و درێژی پڕ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز و خه‌باتێكی دێرینی هه‌یه‌، كه‌چی به‌دیكتاتۆر و قۆرخكار نێو ده‌برێ. ده‌بوو خۆی له‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ به‌دوور بگرتایه‌، هه‌ر خۆیه‌تی كه‌ هه‌ندێ لایه‌ن و كه‌سی كردووه‌ته‌ پاڵه‌وان. من دڵنیام ئه‌گه‌ر كاك مه‌سعوود بیگوتایه‌ من پێویستیم به‌ پله‌وپایه‌ نییه‌ و ئه‌وه‌ به‌ ڕه‌سمی وازم هێنا، ئه‌وكات هه‌موو كورد هه‌ستی به‌وه‌ ده‌كرد ته‌نیا مه‌سعوود بارزانییه‌ ده‌توانێ گه‌مه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئاسانتر بكات و نوێنه‌رێكی ناسراوی كوردستانه‌. من ناڵێم كه‌س ناتوانێ جێی بگرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ڕاستی پێویستیمان پێیه‌تی. 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كاك یوسف كه‌سێكی مڕومووچ و كه‌مدووی كه‌مئه‌زموونه‌، به‌ڵام خۆتان به‌سه‌رٶكی په‌رله‌مانتان دانا، بۆیه‌ دوو كه‌س له‌ تونێلێكی ته‌نگه‌به‌ردا رووبه‌ڕووی یه‌كتر دێن و ده‌بێ یه‌كێكیان له‌خۆبوردوو بێت و پشتاوپشت بۆ دواوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ تا ئه‌وی تر تێپه‌ڕ بكات. هیوادارم پارتی فه‌رموو له‌ په‌رله‌مان بكات و گوێ به‌ كۆلكه‌ ڕه‌خنه‌ و ورته‌ورتی فه‌یسبووك نه‌گرێ، دواتر ئه‌و كه‌سه‌ی ڕێبازی بارزانی نه‌مری هه‌ڵبژاردبێ، ده‌بێ دڵفراوان و به‌خشنده‌ بێت". 

* له‌ هه‌شتاكاندا له‌ فیلمی "تونێل" باسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانت كردووه‌، ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ له‌ چییه‌وه‌ هاتبوو؟ یان چۆن به‌راوردی ده‌كه‌یت به‌م قۆناغه‌ی ئێسته‌؟
سه‌ره‌تای هه‌شتاكان له‌ چیكۆسلۆڤاكیا و له‌ شاری پراگ ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ كاك قادر دیلانی هونه‌رمه‌ند پێكه‌وه‌ بووین، ئه‌وكات یڵماز گونای ناودارێكی جیهانی بوو. كاك قادر ته‌له‌فۆنی بۆ كرد و هه‌ردووكمان نزیكه‌ی 40 خوله‌ك له‌گه‌ڵیدا دواین. گونای پێی گوتم ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ بخوێنی و ببیته‌ سینه‌ماچی، له‌پێشدا سیناریۆ بخوێنه‌ و ده‌بێ فیلم له‌باره‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستان بكه‌ی نه‌ك حوكمی زاتی و شتی تر. منیش كاتێك سیناریۆی "تونێل"م نووسییه‌وه‌، كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستی پێ كردبوو، له‌و فیلمه‌دا ڕێی ده‌ربازبوون به‌ره‌و ئه‌وروپا به‌شێوه‌یه‌كی ئاڵۆزتر و ناڕاسته‌وخۆم نیشانم دا، تونێلێك ئه‌وسه‌ری دیار نییه‌ و خه‌ڵكی له‌و تونێله‌دا سه‌رگه‌ردانن و نازانن بۆ كوێ ده‌ڕۆن، بۆیه‌ هه‌ر له‌و تونێله‌دا ئاڵای كوردستان هه‌ڵده‌كه‌ن و بڕیاری دامه‌زراندنی كۆماری دیموكراتی كوردستان ده‌رده‌كه‌ن، به‌ڵام نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دێت و ده‌ڵێت ئه‌م شوێنه‌ ترسناكه‌ و ئێسته‌ كاتی نییه‌ چونكه‌ چه‌كی كیمیایی و ئه‌تۆمی عێراقی تێدایه‌. منیش وه‌ك ڕێزگرتن له‌ ژنی كورد، ئاڵاكه‌ ژن هه‌ڵی ده‌كات.

سینه‌ما له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا ده‌سپێشخه‌ری كردووه‌، بۆ نموونه‌ سه‌ره‌تاكانی په‌یدابوونی فیلمسازی، فیلمی "گه‌شتێك به‌ره‌و مانگ" له‌ ساڵی 1902 ده‌رهێنه‌ر و سیناریست گیۆرگیس مێیلیس به‌رهه‌م هێنرا، كه‌چی هاته‌ دی و مرۆڤ به‌ڕاستی توانی ئه‌و گه‌شته‌ بكات و له‌سه‌ر مانگ نیشته‌وه‌،  كه‌چی ئێمه‌ ناتوانین ده‌وڵه‌تێكی شڕه‌ی وه‌ك ئه‌فغانستانیش دروست بكه‌ین. من كوردستانم به‌ تونێلێك داناوه‌ تا سه‌ربه‌خۆ بێت. به‌ڵام ئامۆژگارییه‌كم بۆ سیاسه‌تكاران و به‌تایبه‌ت كاك مه‌سعوود ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه‌ نیازمانه‌ دروست بێت، ده‌بێ وه‌ك ئیسرائیل به‌هێز و پڕ یاسا و دادپه‌روه‌ری بێت تا دراوسێكان توانای داگیركردنه‌وه‌یان نه‌بێت.

* له‌ فیلمی "ئه‌سپ"یشدا به‌هه‌مان شێوه‌ باسی سه‌ربه‌خۆییت كردووه‌، جیاوازیی بیرۆكه‌ی سه‌ربه‌خۆیی له‌ نێوان "تونێل" و "ئه‌سپ"دا چییه‌؟
له‌ فیلمی "ئه‌سپ"دا كه‌ ڕۆژی رزگاركردنی شاری كه‌ركووكه‌ و هه‌ر ئه‌وكاته‌ش ده‌ستم پێ كرد. لێره‌دا شێوه‌ ریفراندۆمێك ده‌بینین كه‌ كچه‌ ڕۆژنامه‌وانێكی ئینگلیز ڕاپرسی ده‌كات و ده‌پرسێ ئایا ئێوه‌ ده‌تانه‌وێ له‌گه‌ڵ عێراقدا بمێننه‌وه‌ یان جیا ببنه‌وه‌؟ هه‌موو ده‌ڵێن جیا بینه‌وه‌ و نامانه‌وێ له‌گه‌ڵ عێراقدا بژین. ئه‌م فیلمه‌ ساڵی ٢٠٠٣ ده‌ستم پێ كرد و بپرسه‌ و بزانه‌ چه‌ند سیاسه‌تمه‌داری كورد بینیویه‌تی؟ ته‌نیا كاك نێچیرڤان بارزانی نامه‌یه‌كی ده‌ستخۆشی و پیرۆزبایی بۆ ناردم، ته‌نانه‌ت پاش 13 ساڵ له‌ وتارێكدا كاك نێچیرڤان هه‌مان گفتوگۆی گه‌نج و باوكه‌كه‌ی به‌كار هێنا كه‌ ده‌ڵێ "باوكه‌ گیان ده‌ترسم ڕۆژێك دابێ له‌ ماڵی خۆماندا ئێمه‌ ببینه‌ كرێچی و ئه‌وان ببنه‌ خاوه‌ن ماڵ". شانازیی سینه‌ما ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێشبینی بكات و بێته‌ دی. فیلمه‌كان و خۆشمان وا خه‌ریكه‌ ده‌بینه‌ خۆراكی ڕۆژگار و مێژوو، كه‌چی سوودیان لێ نابینن. من له‌ هه‌فتاكاندا و سه‌ره‌تای ژیان كه‌ركووكمان به‌شانۆ هه‌ژاند، ئه‌وكاته‌ له‌ ئۆپه‌رێتێكدا ده‌ڵێم "نه‌وته‌ یان زێڕی ڕه‌شه‌ بۆ ئێمه‌ خوێنی گه‌شه‌ - هه‌وڵ ده‌ن هه‌وڵ ده‌ن تا نه‌فه‌وتێ"، من له‌ هه‌موو كاره‌كانمدا پێڕه‌وی بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌وشی سیاسی و به‌تایبه‌ت سه‌ربه‌خۆییم كردووه‌.

 جیاوازیی نێوان فیلمه‌كان، فیلمی "تونێل" كاتێك دروستم كرد كه‌ شۆڕشی كورد سه‌رله‌نوێ تووشی نوشستی بووبوو واتا ساڵی ١٩٨٨ سیناریۆكه‌م نووسی و پاشان كارم كرد، قه‌رزم كرد و تووشی خه‌ڵكی هه‌لپه‌رست و بازرگان و ئازارێكی ناخۆش بووم، سه‌ندیكای سینه‌ماكارانی رووس ویستیان به‌ناوی ڕووسیاوه‌ بۆ فێستیڤاڵه‌كانی بنێرن، سوپاسم كردن و گوتم ئه‌مه‌ مێژووی سینه‌مای كوردییه‌ و  ده‌بێ به‌ناوی كوردستانه‌وه‌ بێت. به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ هیچ فێستیڤاڵێك به‌ناوی كوردستانه‌وه‌ وه‌رنه‌گیرا، فێستیڤاڵی فه‌جر داوای فیلمی "ڕاوه‌جنۆكه‌"یان كرد و بۆ پێشبڕكێ وه‌رگیرا، كه‌چی پێش هه‌فته‌یه‌ك بینیم به‌ناوی عێراقه‌وه‌ به‌شداری پێ ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری فێستیڤاڵ "جه‌مال ئومید" بوو به‌هه‌را و به‌زۆر فیلمه‌كه‌م وه‌رگرته‌وه‌، پاشان ته‌له‌فۆنی بۆ كردم كه‌ ڕازین به‌ناوی كوردستانه‌وه‌ بێت، كه‌چی درۆیان كرد و ناوی هیچ وڵاتێكیان دانه‌نا، له‌كاتی نمایشكردندا ده‌ستیان ده‌خسته‌ به‌رده‌م ناوی  وشه‌ی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌نجه‌ی پۆلیسه‌كان له‌سه‌ر شاشه‌كه‌ ده‌رده‌چوو،    سه‌رله‌نوێ ناڕه‌زایی خۆم ده‌ربڕی و فیلمه‌كه‌م وه‌رگرت و بۆ كوردستان گه‌ڕامه‌وه‌، به‌یاننامه‌یه‌كم بڵاو كرده‌وه‌ و تكام له‌ هه‌موو سینه‌ماكاران كرد كه‌ ته‌نیا به‌ناوی كوردستانه‌وه‌ به‌شداری له‌ فێستڤاڵه‌كان بكه‌ن، به‌ڵام یه‌ك كه‌س ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی نه‌بوو.

* وه‌ك كات زۆری نه‌ماوه‌ بۆ ریفراندۆم كه‌ 25ی ئه‌یلوول جێبه‌جێ ده‌بێت. ئایا به‌ نیاز نیت بۆ ئه‌وكاته‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كوردستان و به‌شداریی ئه‌و پرسه‌ بكه‌یت، یان په‌یامت بۆ ئه‌و پرسه‌ چییه‌؟
حزبه‌كان چاویان ئه‌وه‌ نابینێت كه‌ ده‌یان نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندی كوردستانپه‌روه‌ر پشتگوێ خراون، ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی، حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن، به‌ختیار عه‌لی، ته‌ڵعه‌ت سامان، قوبادی جه‌لیزاده‌، ڕه‌فیق سابیر و عه‌بدوڵا په‌شێو و سه‌عدوڵا  په‌رۆش و زۆری تر، با ڕۆشنبیران ئاشت بكه‌نه‌وه‌ و به‌شداری له‌ پرۆسه‌یه‌كی وا گرنگدا بكه‌ن، من به‌شبه‌حاڵی خۆم ئاماده‌ی هه‌موو خزمه‌تێكم كه‌ له‌پێناوی خۆشگوزه‌رانی گه‌له‌كه‌مدا بێت، هه‌ڵبه‌ته‌ بۆ ده‌نگدان ئاماده‌ین و ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌.






وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د