كەسایەتییەكی دیاری دەڤەری باڵەكایەتی و سۆران، پشتگیری ریفراندۆم و سەربەخۆیی
كوردستان دەكات و ئاماژە بەوە دەدات كە بێ قەوارەی كوردستان، ژیانی وەك دارێكی بێبەر
و ساڵێكی بێ بەهارە.
عیزەت سلێمان بەگ دەرگەڵەیی بە"وشە"ی راگەیاند كە سەربەخۆیی
كوردستان پێویستییەكی زۆر مێژوویی و گرنگە، چۆن هەوا بۆ ژیان پێویستە، سەربەخۆیی كوردستانیش
بەهەمان شێوە پێویستە .
ئەو كەسایەتییە كە یەكێك لە ناوە دیارەكانی شۆڕشی رزگاریخوازی كوردستانە،
ئاماژە بەوە دەدات كە كورد هەمیشە هەڕەشەی لەسەرە و دەڵێ، "نەك تەنیا هەڕەشەی
گیانی، بەڵكو هەڕەشەی توانەوە و لەناوبردنی لەسەرە لەناو مەنجەڵی كولتووری عەرەبی،
ئەوان پترن و كولتووری ئەوان بەهێزترە، هێزیان زیاترە، بۆیە دەبێ كورد قەوارەیەكی هەبێت،
بێ قەوارەی كوردستان ژیانی وەك دارێكی بێبەر و ساڵێكی بێ بەهار لێ كردووە، بۆیە پێویستە
هەموو دانیشتوانی كوردستان و حزبەكان هەوڵی رژد بدەن بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی كوردستان".
دەرگەڵەیی ئەوەش دەخاتە ڕوو كە ئامانجێكی سەدان ساڵە چاوەڕوانی هاتنە دی
دەكات و پێویستی بە خەڵكی كوردستان كاری بۆ بكەن. دووپاتی كردەوە "سەربەخۆیی كوردستان
و راگەیاندنی دەوڵەت و جیابوونەوە ترسی تێدایە، بەڵام مانەوە لەگەڵ عێراق ترسناكترین
شتە بۆ گەلی كوردستان، ئەوان لە هەوڵی نەهێشتنی كولتووری كورد و ناوی كوردستانن، مانەوە
لەگەڵ عێراق خشین و رۆیشتنە لەسەر سك، جیابوونەوەی كوردستان فڕینە بۆ ئاسۆیەكی پڕ بەختیاری".
مام عیزەت نموونە بە قسەی قارەمانێكی شۆڕشی ئەمەریكا لە سەدەی هەژدەم دێنێتەوە
و كە لە پێناسەی سەربەخۆییدا گوتوویەتی، "یا ئازادی و سەربەخۆییم بدەرێ یا مردنم
بدەرێ". دووپاتی دەكاتەوە كە میلەتی كورد بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی هیچ شتێك
لە دەست نادات جگە لە كۆت و زنجیری 100 ساڵەی نەبێ.
"ئەو لكاندنەی كوردستان بە عێراق بە هاوكاری ئیمپرالی بەریتانیا ناشەرعی
بوو، بێ گوێدان بە كوردەكان ئەو كارەیان كرد، چیمان لە عێراق قازانج كردووە، بەدەر
لە كوشتن و زیندەبەچاڵ و ئەنفالكردن و وێرانكردنی گوند نەبێت. بۆیە پێویستە رۆژی ریفڕاندۆم
هەموومان دەنگ بە بەڵێ بدەین، دەنگدان بۆ سەربەخۆیی ئەركێكی ئاینی، ئەخلاقی، نیشتمانییە،
هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ سەربەخۆی كوردستان". دەرگەڵەیی وای گوت.
حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی
كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان،
رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە
یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد، بۆیە خەڵكی ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان پاڵپشتی
و پشتگیری خۆیان بۆ ریفڕاندۆم و سەربەخۆی كوردستان دەردەبڕن.
سۆران – مورشید برادۆستی