گۆڕان سەرۆكایەتی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژارد

:: PM:12:55:22/07/2017 ‌

ئەمڕۆ جڤاتی گشتی بزووتنەوەی‌ گۆڕان لە مەكۆی‌ سەرەكی‌ بزووتنەوەكە لە شاری‌ سلێمانی‌ كۆبۆوە و دەستەی سەرۆكایەتی جڤاتی‌ هەڵبژارد، بەپێی دەستووری ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، جڤاتی گشتی دامەزراوەیەكی ڕاوێژكارییە و سەرۆكی جڤاتەكە دەبێتە یەكێك لە حەوت ئەندامەكەی خانەی راپەڕاندن.

ئەمڕۆ شەموو 22ـی تەمووز، میدیاكانی‌ گۆڕان بڵاویان كردەوە لە هەڵبژاردنەكەدا رەئوف عوسمان بە سەرۆكی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ و ساڵح  محەمەد بە جێگری سەرۆک و دڵخواز قادر بە سكرتێری‌ جڤاتی‌ گشتی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان هەڵبژێردرا.

بڕیارە ڕۆژی سێشەم جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانیش كۆببێتەوە و لە كۆبوونەوەكەدا رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردرێن و تا سەعات چواری دوانیوەڕۆی سبەینێش خۆكاندیدكردنی هەڵسوڕاوانی گۆڕان بۆ ئەو پۆستانە بەردەوام دەبێت.

بەگوێرەی زانیارییەكان تا ئێستە "عومەری سەید عەلی" وەك تاكە ڕكابەری پۆستی ڕێكخەری گشتی كاندیدە، هەریەك لە (عوسمانی حاجی مەحموود، جەلال جەوهەر، جەمال حاجی محەمەد، شۆڕش حاجی، محەمەد تۆفیق ڕەحیم، ئاسۆ ڕەحیم، شەماڵ عەبدولوەفا، ئاسۆ مەحموود، عەبدوڵا مەلا نووری)، ئەو كەسانەن كە بڕیارە خۆیان كاندید بكەن بۆ خانەی ڕاپەڕاندن.

بزووتنەوەی گۆڕان دوای كۆچی نەوشیروان مستەفا، تا ئێستە هیچ بڕیارێكی نەداوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت دوای هەڵبژاردنە ناوخۆیییەكان كە بڕیارە سێشەم 25ـی تەمووز بۆ دروستكردنی خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتی ئەنجام بدرێت، جارێكی تر بگەڕێتەوە ناو گفتوگۆ سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان



وشە - رامیار جەواد