پایتەختی کوردستان یەک نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەیە

:: PM:01:13:22/07/2017 ‌

بەهۆی زۆری سەردان بۆ نەخۆشخانەكانی لە دایكبوونی هەولێر، هاووڵاتییان داوای دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی تری لە دایكبوون دەكەن. تەندروستی هەولێریش ئاشكرای دەكات بەهۆی تەنگژەی دارایی نەیانتوانیوە نەخۆشخانەی لە دایكبوون دروست بكەن.

ئەمڕۆ شەموو 22ـی تەمووز، ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی بەردەم نەخۆشخانەی لە دایكبوونی هەولێر بە "وشە"یان ڕاگەیاند، بەهۆی زۆری سەردان ئافرەتی دووگیان دەبێتە هۆی بێزاری و چاوەڕوانییەكی زۆر، لە هەولێریش تەنیا ئەم نەخۆشخانەی لە دایكبوونی حكوومەت هەیە، بۆیە هیوادارین حكوومەت چارەسەرێك بۆ ئەم كێشەیە بكات.

فاخیر كرمانجی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستیی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەهۆی خراپی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان، نەمانتوانیوە نەخۆشخانەی تری لە دایكبوون دروست بكەین، هەرچەندە لە گەڕەكی حەسارۆك نەخۆشخانەیەكی مۆدێرن و نوێ‌ لە دروستكردن بوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە لە دروستكردنی نهۆمی یەكەم پڕۆژەكەی جێ هێشت.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر دەڵێت، چەندان پڕۆژەمان هەیە لە دروستكردنی نەخۆشخانە، بەڵام نەبوونی پارە ڕای گرتووە، بۆیە چەند جارێك داوامان كردووە ئەم پڕۆژانە بخرێنەوە كار و دروست بكرێنەوە.

شاری هەولێر ژمارەی دانیشتوانەكەی زیاتر لە یەك ملیۆن کەسە و تەنیا یەك نەخۆشخانەی لە دایك بوونی هەیە، چەند نەخۆشخانەیەكی ناحكوومیش بەشی لە دایك بوونیان هەیە.

لە ئێستەدا بەهۆی خراپی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان، بەشی زۆری پڕۆژەكان وەستاون، لە سەرەتای ساڵی 2017 حكوومەت بەدابینكردنی بەشێك لە پارە بۆ پڕۆژەكان بەشێكیان كاركردنی تێدا دەست پێ‌ كراوەتەوە.



وشە - رامیار جەواد