شارەزوور لە بەروبوومی هاوینەدا پێشەنگە

:: PM:01:36:22/07/2017 ‌

بەرپرسانی كشتوكاڵ لە شارەزوور دووپاتی دەكەنەوە، ئەمساڵ سەرووی سێ‌ هەزار و 600 دۆنم زەوی بە بەروبوومی هاوینە لە تەڕە و سەوزەوات لە دەڤەرەكە چێنراوە و ئەوەش هەڵكشانێكی زۆرە بەراورد بە ساڵی پێشتر.

سەلام عوسمان لێپرسراوی هۆبەی كشتوكاڵی خورماڵ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی بوونی زەوییەكی بەپیت و سەرچاوە ئاوییەكانی ناوچەكەوە، بەروبوومی كشتوكاڵی تەڕەكاڵ و هاوینە لە سنووری هۆبەكەیان بەڕێژەیەكی باش چێنراوە و بەراورد بە ساڵانی پێشوو زیادی كردووە.

روونی كردەوە، ساڵی رابردوو هەزار و 719 دۆنم زەوی بە بەروبوومی هاوینە داچێنراوە، بەڵام ئەمساڵ رووبەری داچێنراو بۆ سێ‌ هەزار و 677 دۆنم زەوی زیادی كردووە.

بەگوتەی لێپرسراوی هۆبەی كشتوكاڵی خورماڵ، "جووتیاران لە شار و ناوچەكانی تری كوردستانەوە هاتوون لە ناوچەی شارەزوور دەستیان بە كشتوكاڵ كردووە، ئەوەش بەهۆی بەپیتی خاك و هەبوونی ئاوەوە".

ئەمساڵ لە سنووری هۆبەی كشتوكاڵی خورماڵ، بەروبوومەكانی وەك، سەوزەوات، گوڵەبەڕۆژە، پەتاتە، تەماتە، بامیە، كوولەكە، خەیار، باینجان، بیبەر، لۆبیا، فاسۆڵیا، شووتی، كاڵەكی دێمی و بەراو، ترۆزی و هەندێك بەروبوومی تری وەك ماش و كونجی و توور چانراون.

رزگار ڕۆستەم لێپرسراوی كشتوكاڵی سیروان بۆ "وشە"ی دووپات كردەوە، لەسنوری هۆبەكەیاندا بەروبوومی كشتوكاڵی هاوینە و تەڕەكاڵ هەڵكشاوە.

روونی كردەوە، ساڵی 2016 لە سنووری كشتوكاڵیی سیروان بڕی سێ‌ هەزار و 76 دۆنم زەوی چێنراوە، بەڵام ئەمساڵ بۆ چوار هەزار و 43 دۆنم زیادی كردووە.

ئەو لێپرسراوەی كشتوكاڵی سنوورەكە ئاماژەی دا، "جووتیاران روویان لە داچاندنی بەروبوومی تەڕەكاڵ و هاوینە كردووە، چونكە ساڵانی پێشتر گەنم و دانەوێڵە نرخێكی كەمی كرد یان لەلایەن سایلۆكانەوە وەرنەگیران".

"گرنگە جووتیاران بایەخ بە بەروبوومی تەڕەكاڵ بدەن، دەشتی شارەزوور بە پیتترین زەوییە بۆ كشتوكاڵ".

جەمال جەلال جووتیارێكی دەڤەرەكە بۆ "وشە"ی روون كردەوە، "سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە جووتیاران بەروبوومی تەڕەكاڵیان داچاندووە، بەڵام لە بازاڕەكاندا نرخ بۆ كەمتر لە ساڵی رابردوو دابەزیوە، بەجۆرێك نرخەكە لە ئاست تێچوودا نییە".

"حكوومەتی هەرێم هیچ دەرمان و پێداویستییەكی كشتوكاڵی بە جووتیاران نادات تا لەو ڕێگەیەوە جووتیاران هان بدات زیاتر كشتوكاڵی خۆماڵی بكەن، لە هەمان پێویستە هۆكاری و دەستگیرۆیی جووتیار بكرێت لەڕووی پێداویستی كشتوكاڵی و لە ڕێگەگرتن لە بەروبوومی هاوردەی وڵاتان بۆ ئەوەی بەرهەمی خۆماڵی نرخێكی گونجاوی هەبێت و جووتیار زیانمەند نەبێت"، جووتیارەكە وای گوت.

زیاتر دەڵێ‌، "بەو حاڵەشەوە گرنگە جووتیاران بەردەوام بن لەسەر كشتوكاڵ، چونكە ئەوە هۆی پێشخستنی وڵاتەكەمانە، لەكاتێكدا ناتوانین تاهەتایە پشت بە بەروبوومی هاوردە ببەستین".

وەك ئەو جووتیارە روونی كردەوە، لە عەلوەكاندا نرخی بەروبوومی خۆماڵی تەواو دابەزیوە، لەناویاندا كیلۆی تەماتە 250 دینار، بامیەی ورد 750 دینار، بیبەری تیژ و ورد هەزار و 250 دینار، خەیار 300 دینار، شووتی و كوولەكە 400 دینار، باینجان 500 دینار، كاڵەك 250 دینار و حەوت دەسك كەرەوز و تەڕەكانی تر بە هەزار دینار دەفرۆشرێت.

شارەزوور/شەفیق بانیشاری























وشە - تایبه‌ت