بەوێنە.. شاجوانە كوردەكەی دووەمی دنیا گەڕایەوە كوردستان

:: PM:01:43:22/07/2017 ‌

نینا موراد كچە شاجوانەكەی دووەمی دنیا گەڕاوەتەوە كوردستان بۆ پڕۆژەیەكی تایبەت بە خەڵكی كوردستان و وەك كچە كوردێك و وەك شاجوانێكی دنیا، شانبەشانی هاوكاریكردنی وڵاتانی دنیا، هاوكاری خەڵكی كوردستانیش دەكات.

نینا لەبارەی گەڕانەوەی بۆ كوردستان و پڕۆژەی نوێی بە"وشە"ی راگەیاند: چەند ڕۆژێكە گەڕاومەتەوە بۆ كوردستان بۆ ئەو پڕۆژە تازەیەی دەستم پێ كردووە بەهاوكاری ڕێكخراوە مرۆیییەكانی ئوستراڵیا بەناوی  Donation in Kind Container of Hope Days For Girls، ڕێكخراوی مڕۆیی جیهانی رۆتەری Rotary كە ئەندامی فەخریم لەو ڕێكخراوە، لە ئێستەدا توانیومانە كۆنتێنەری دووەم ئامادە بكەم و ئەمڕۆ بەرەو كوردستانمان بەڕێ كردووە، بەم زووانە دەگاتە كوردستان و سەرپەشتی دابەشكردنی دەكەم. كەلوپەل و پێداویستی ئەم جارەی ئەو پڕۆژەیەم بریتین لە پێداویستی نەخۆشانە و قوتابخانە. 

هەروەها گوتی، ئامانجم خزمەتكردنی هەژارانی كوردستانە، ئەو پێداویستی و كەلوپەلانە لە ئوسترالیا لە شاری ئەدەلاید كۆ كراونەتەوە، هەوڵ دەدەم بگەڕێمەوە بۆ كوردستان لەگەڵ گەیشتنەوەی كۆنتێنەرەكە و بەشداری بكەم لە دابەشكردنیان بەسەر شوێنە پێویستەكان .

شایە‌نی باسە‌ نینا لە‌دایكبووی ساڵی 1995ە ‌و لە ڕانیە‌ لە دایك بووە و نیشتەجێی ئوستراڵیایە، خاوە‌نی دوو بڕوانامە‌ی بەكالۆریۆسە لە بوارەكانی پە‌روە‌ردەو زانست و وانەی تایبە‌تی خوێندن لە یە‌كێك لە خوێندگەكان دەڵێتەوە لەو وڵاتە و قوتابی دوا قۆناغی زانكۆیە، ئەندامی كۆمەڵەی گەنجانی ئەدەلایە لە هەمان وڵات‌، ساڵی ڕابردوو لەگەڵ زیاتر لە 30 وڵاتی جیهانی بەشداریی لە هەڵبژاردنی خانمانی جیهانی كرد و پێشبڕكێیەكە لە /7/2016 ئەنجام درا و تێیدا ناوبراو تاجی شاجوانی دووەمی جیهانی لەسەر نا . 

كۆنتێنەری یەكەمی بریتی بوو لە ناردنەوەی پێداویستی 400 قوتابی لە جلوبەرگ و جانتا و پەڕاو و پەڕتووكی زانستی و كورسی و سێ دەزگەی پزیشكی و 10 مەكینەی دروومان و كابینەیەكی گەورە و كۆمەڵێ پێداویستی تر .

وشە/ شاخەوان شێخانی









وشە - تایبه‌ت