كوڕەكەی سەڵاحەدین بەهادین نوێترین گۆرانی بڵاو دەكاتەوە

:: PM:01:47:22/07/2017 ‌

گۆرانیبێژی كورد ئەیووب سەڵاحەدین بەهادین كوڕی ئەمینداری گشتیی یەكگرتوویی ئیسلامیی كوردستان، نوێترین گۆرانی بەزمانی ئینگلیزی بڵاو دەكاتەوە.

ئەمڕۆ شەموو ئەیووب بە"وشە"ی راگەیاند: One and only ناوی نوێترین بەرهەمی گۆرانیمە بەزمانی ئینگلیزی و تازە بڵاوم كردووەتەوە، ئەو بەرهەمە یەكێكە لە تراكەكانی ئەلبوومە نوێیەكەم كە بەهەمان ناوە، كلیپی ئەو گۆرانییە لە دەرەوەی وڵات لەناو سروشتێكی جوان كارمان بۆ كردووە و خۆم و كچێكی بیانی ئەندازیار و كاركەر لە پڕۆژەیەكی بیناسازی بەشداریمان تێدا كردووە. ئەو گۆرانییە لە موزیكی هونەرمەند رۆنینە و لە دەرهێنانی بڕیار عەلییە.

شایەنی باسە ناوبراو كوڕی سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانە و لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێیە، خاوەنی چەندان گۆرانییە بەزمانی ئینگلیزی و ماوەی چەند ڕۆژێك لەمەوبەر یەكەم ئەلبوومی بڵاو كردەوە بەناوی ONE and ONLY، زۆربەی گۆرانییەكانی ئەو ئەلبوومەی بەزمانی ئینگلیزییە كە لە 12 تراك پێك هاتووە.

لەبارەی ئامانجی بۆ كاركردن بۆ ئەو ئەلبوومە بە"وشە"ی راگەیاند: ئامانجم بۆ ئەو ئەلبوومە، كاركردنە لەسەر ئیسلامۆفۆبیا بەمانای ترس لە ئیسلام كە ئێستە لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا لە گەشەسەندندایە، بۆیە دەمەوێ ڕوویەكی تری ئیسلام پیشانی دنیا بدەم، هەر ئەو ئامانجەش وای كردووە بەزمانی ئینگلیزی بەرهەمی بهێنم.

بۆ بینینی کلیپەکە لێرە کلیک بکە

وشە/ شاخەوان شێخانی







وشە - تایبه‌ت