لە پارێزگای دهۆك بەشێكی زۆری زەویوزار لە دەست خەڵكدان بەڵام بەناویان نییە، هاووڵاتییان داوا دەكەن كە ئەو زەوییانە بخرێنە سەر ناوەكانیان بو ئەوەی بتوانن زیاتر سوودی لێ وەربگرن. بەڕێوەبەرایەتی زەویوزارەكانی دهۆك رای دەگەیەنێ، بەم زووانە رێنوێنی نوێ دەردەچێ بەوەی ئەو زەوییانەی كە ئێستە لە دەستی خەڵكدان و هیچ گرێبەستێكیان نییە، بكرێن بە ناوی خاوەنەكانیان.
شیمال بازید كە خەڵكی دهۆكە، سەرووی 20 ساڵە پارچە زەویی پێنج دۆنمی هەیە. ئەو بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی یەكلانەبوونەوەی ئەو زەویوزارانە لە نێوان ئەوان و حكوومەت، ناتوانێت وەك پێویست سوودی لێ وەربگرێت.
بەگوتەی ئەو هاووڵاتییە، پێویستە هەرچی زووە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو زەوییە كشتوكاڵییانە بخاتە سەر ناوی خاوەنەكانیان بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن بەحەزی خۆیان سوودیانی لێ وەربگرن، چونكە ئەم موڵكانە موڵكی ئەو خەڵكەن و دەمێكە كاری تێدا دەكەن و بەشێكی زۆری ئەو موڵكانەش لە ساڵانی هەشتاكان و حەفتاكان و بەر لە راپەڕین لە دەست خەڵكدا بوون.
ئەندازیار موسلیح حەسەن بەڕێوەبەری زەویوزاری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، بەم زووانە چەند رێنوێنییەكی نوێ دەردەكرێن بۆ ئەوەی هەموو ئەو زەوییانەی لە دەست خەڵكدان و هیچ گرێبەستێكیان نییە، بخرێنە سەر ناوەكانیان بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن زۆرترین سوود لەو زەوییانە وەربگرن.
ئەو گوتی، رووبەری زەویوزار لە سنووری پارێزگای دهۆك سێ ملیون 725 هەزار 593 دۆنمە. ملیۆنێك و 206 هەزار 169 دۆنم زەویی تایبەتە بە كشتوكاڵ و ئەوی تر زەوی بەردەڵانە، هەڵبەت بەشی هەرە زۆری ئەو زەوییە بەردەڵانەش بە مەبەستی بێستان و رەز و باغ و گەنم و جۆ لە ناوچە شاخاوییەكان بەكار دەهێنرێت.
بەڕێوەبەری زەویوزاری دهۆك رای گەیاند كە بەشی هەرە زۆری ئەو كێشانەی كە لە بەردەم زەویوزارە كشتوكاڵییەكانە ئەوەیە زێدەڕۆیییان تێدا كراوە و كراونەتە پڕۆژەی نیشتەجێبوون. ئێستە بەشێكی زۆری زەوییە كشتوكاڵییانە كراونەتە ناوچەی پیشەسازی، بۆ نموونە 532 دونم زەوی لە ناوچەی كانی ماسی كراونەتە كۆگەی خواردن، بەشێكی زۆری زەویوزارەكانی كواشێ كراوەتە ناوچەی پیشەسازی، لە هەموو سنووری شارۆكەكانیش ناوچەی پیشەسازی هەن كە هەموو ئەمانە بەپێی لیژنەیەكی تایبەت بە سەرۆكایەتی پارێزگاری دهۆك دروست كراون یاخود بڕیاری دروستكردنی بۆ دەدرێت لە ئایندەدا.
پارێزگای دهۆك لە حەوت شارۆكە پێك دێت، ئەوانیش ناوەندی دهۆك، زاخۆ، ئامێدی، سێمێل، ئاكرێ، بەردەڕەش و شێخان. زۆرترین زەویوزاری كشتوكاڵی دەكەونە سنووری شارۆكەكانی سێمێل و شێخان و بەردەڕەش، بەڵام بەشی هەرە زۆری لە سنووری پارێزگای دهۆك دەكرێنە گەنم و جۆ.
دهۆك / نەوزاد هلۆری