حزبی شیوعی واژوو بۆ نەهێشتنی پاشەكەوتی مووچە كۆ دەكاتەوە

:: PM:03:30:22/07/2017 ‌

حزبی شیوعیی كوردستان بەهاوكاری دوو حزبی تر، خەریكی هەڵمەتی كۆكردنەوەی واژووە بۆ نەهێشتنی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران لە چەند شارێك و دواتر ئاراستەی حكوومەتی هەرێمی دەكەن. بەرپرسانی حزبەكە ئەم هەنگاوە بە خەباتی مەدەنی دەزانن. 

لە شوباتی 2014ـەوە حكوومەتی عێراق بودجە و مووچەی كوردستانی بڕیوە و لەوكاتەوە هەرێم پشتی بەخۆی بەستووە بە پاڵەپەستۆ خستنە سەر چینی فەرمانبەر. مووچەی بۆ یەك لەسەر سێ كەم كردووەتەوە و هەرگیز لەكاتی خۆیدا نەدراوە بە فەرمانبەران.

ئەرسەلان مەحموود قادر بەرپرسی كۆمیتەی هەڵەبجەی حزبی شیوعیی كوردستان بە"وشە"ی ڕاگەیاند، "وەك حزبی شیوعی لەگەڵ زەحمەتكێشان و كۆمۆنیست، هەستاوین بە كۆكردنەوەی واژووی سەرجەم چین و توێژەكان بۆ نەهێشتی پاشەكەوت و دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی كوردستان. 

زیاتر گوتی، "ئەم كارەمان خەباتێكی مەدەنییە و لە ماوەیەكی كەمدا سەرجەم واژووە تۆماركراوەكان بەشێوەیەكی مەدەنی و یاسایی پێشكەشی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ ئەوەی چیتر مووچەخۆرانی كوردستان مووچەكانیان دوا نەكەوێ، بەڵام ئەگەر حكوومەت هەوڵەكەمان بەهەند وەرنەگرێت و ئەنجامی نەبێت، لە داهاتوودا خەباتی مەدەنی بە جۆری تر بەردەوامی پێ دەدەین".

هەڵمەتەكە سەرانسەری كوردستان دەگرێتەوە و ئێستە حزبی شیوعی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و شارەدێی خورماڵ مێزی لە چەند شوێنێك داناوە بۆ وەرگرتنی واژوو.

خورماڵ/ شەفیق بانیشاری





وشە - تایبه‌ت