سبەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە، بەمەبەستی هەڵسەنگاندن و گفتوگۆكردن لەسەر فەرمانەكەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دراون بە "وشە"، سبەی كۆمیسیۆن كۆبوونەوەی دووەمی ئەنجام دەدات لەسەر فەرمانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردوو 20ـی تەمووز، سلێمان مستەفا جێگری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كۆمیسیۆن كۆبوونەوەی خۆی دەكات بۆ وەڵامدانەوەی فەرمانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان.
هێمن كەركووكی بەرپرسی ڕاگەیاندنی ژووری سەرۆكی كۆمسیۆن بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەی كۆمسیۆن لەسەر ئەم بابەتە بەردەوام دەبێت و پێویستە دەنگی لەسەر بدرێت زۆرینە دەنگیش دەبێتە بڕیاری كۆمسیۆن، هەرچی قسەی كۆمسیۆنیش هەبێت لەڕێگەی گوتەبێژەكەمان ئاشكرای دەكەین.
ڕۆژی چوارشەم 19ی تەمووز، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی ژمارە 128ی واژوو كردووە كە تایبەتە بە دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان.
بەپێی بڕیارەكە، رۆژی ١/١١/٢٠١٧ دیاری كراوە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان.
"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری پێوەندی بەسەرۆك و جێگر و گوتەبێژ و سەرجەم ئەندامانی كۆمیسیاران كرد، وەڵامی پێوەندییەكەیان نەدایەوە.
دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدایە هەرێمی كوردستان 25 ئەیلوول ڕاپرسی دەكات بۆ جیابوونەوە یان مانەوە لە عێراق.