قۆناغی یەكەمی ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ دەست پێ دەکات

:: PM:04:05:22/07/2017 ‌

لیز گراندی، رێكخەری كاروباری مرۆیی لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرای دەكات، لەگەڵ حكوومەتی عێراق رێككەوتن لەسەر قۆناغی یەكەمی ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ.

راگەیاندنی قۆناغی یەكەمی ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ، دوای كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ عەلی ئەلعەلاق ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و نۆفل عاكوب پارێزگاری نەینەوا لە مووسڵ دێت.

گراندی ئاماژەی بەوە كردووە كە قۆناغی یەكەمی ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ 70 پڕۆژە لە خۆ دەگرێت لە كەرتی تەندروستی، ئاو، كارەبا و خانووی هاووڵاتییان. بەڵام گراندی ئامادە نەبوو تێچووی راگەیاندنی قۆناغی یەكەم ئاشكرا بكات.

عەلی ئەلعەلاق ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران رای گەیاند كە "شاری مووسڵی كۆن بە تەواوی وێران بووە، قۆناغی یەكەم خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان دەگرێتەوە، هەروەها چاككردنەوەی وێستگەی كارەبای 750 مێگاواتی كە پێویستی بە چاككردنەوەی بۆڕی گەیاندنی سووتەمەنی هەیە كە داعش تەقاندویەتیەوە".

بەشی زۆری گەڕەكەكانی لای راستی مووسڵ بە تەواوی وێران بووە، ئەگەرچی گەڕەك هەیە رێژەكەی كەمترە. عەلاق وا دەڵێت.

نۆفل عاكوب پارێزگاری نەینەوا رای گەیاند، لە كۆی 72 پرد و ناوچەكانی دەوروبەری لە مووسڵ تەقێندراونەتەوە و زیانیان بەركەوتووە، تا ئێستەش تەنیا یەك پرد بەهەوڵی  حكوومەتی خۆجێی چاك كراوەتەوە.

عاكوب باسی لەوەشكرد كە گەورەترین كار لە بەردەم ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ بەتایبەت لەلای راست، هەڵگرتنی پاشماوەی شەڕەكەیە، ئەمەش دەستی پێ كردووە ئەگەرچی ئاستەنگی زۆر دروست دەكات.

رۆژی 10ی ئەم مانگە، حكوومەتی عێراق بە فەرمی ئازادبوونی مووسڵی لە دەستی تیرۆریستانی داعش راگەیاند كە ئازادكردنی مووسڵ ماوەی نۆ مانگی خایاند و بەهۆیەوە زیاتر لە ملیۆنێك هاووڵاتیی سڤیل ئاوارە بوون.

سەرچاوە/عێراق تودەی



وشە - فه‌رمان سادق