20 ساڵ بەر لە ئێسته ئەم پیاوە بڕیاری دا بە یەکجاری واز لە جلوبەرگی پیاوان بهێنێت و ڕیش و سمێڵی بەردەوام چاک بکات و قژی دریژ بکاتەوە، هەروەها هەرگیز هاوسەرگیری نەکات.
لە ناوچەی ''کویلین''ی باکوری وڵاتی چین، ئەم پیاوە لەگەڵ خوشکە بچوکەکەی و دایکی دەژیا کە توشبووی نەخۆشیی مێشک بوو. بە هۆی نهخۆشییه سەختەكهیهوە، ئەم دایکە کچە بچووکەکەی لەدەست دا و ڕۆژ بە ڕۆژ باری دەروونیی خۆی خراپتر بوو، ئهمهش هۆكاری نزیکبوونی دایک و کچەکە بوو لەیەکتر، وای لە دایکەکە کرد بە یەکجاری هەست بە تەنیایی و نا ئارامی بکات لە دووری کچەکەی.
لەناوچەکەی ئەوان، چەند کەسێک بە کوڕەکەیان گوت: ''ئەگەر موعجیزە ڕوو بدات و خوشکە مردووەکەت بگەڕێتەوە ئینجا دایکت بەرەو باشی ئەڕوات، دەنا چاکبوونەوەی زۆر ئەستەمە'' .
کوڕەکەشی بڕیاری دا، هەرگیز گەڕانەوەی نەبێت، خۆی کرد بە کچ و هەموو جلوبەرگ و پۆشاکی ئافرەتانی پۆشی و خۆی هێنایە سەر شێوەی خوشکەکەی، هەتا لە دڵی دایکیدا جێگهی خوشکەکەی بگرێتەوە و باری دەروونیی بەرەو باشبوون بڕوات.
بیرۆکەکەی سەری گرت و دایکی بەرەو چاکبوون چوو و توانای نان بخوات و قسە بكات و تەنانەت پێکەنینیشی بۆ گەڕایەوە، هەتا ئێستەس لە پێناو سەلامەتیی دایکی، بەردەوامە لەم یارییە و بڕیاری داوە هەر بەرداوامیش بێت.
ئەم کوڕە ژەنیاری ئامێری فلووتە و هەموو ڕۆژێک دایکی بە عەرەبانە لەگەڵ خۆی دەبات بۆ سەر کارەکەی و ئەیهێنێتەوە، چونکە ناتوانێ بەجێی بهێڵێ، تەمەنی ئەم کوڕە ئێسته گەیشتووەتە 50 ساڵ، وا ماوەی 20 ساڵە خۆی کردووە بە کچ لەبەر خاتری دایکی.
ئەم کوڕە هەتا ئێستە پێی خۆش نەبووە لە هیچ تۆڕێکی کۆمەڵایەتی ناوی بهێنرێت و ناوی ئاشکرا بێت، بەڵام ڤیدیۆیەکیان بڵاو بووهتەوە کە تییدا دایکی بە دڵێکی خۆشەوە ڕوو دەکاتە کامێراکە و دەڵێ: ''من کچەکەم مرد، بەڵام دانەیەکی تر هاتووهتە جێی و وا دەژی'' کوڕەکەش هەمیشە سوور بووە لەسەر ئەوەی گوێ بە بیرکردنەوە نەرێنییەکانی دەوروبەری نەدات و بەو کەسانەی گاڵتەشی پی دەکەن دەڵێ: ''ئەگەر بەرگەی بینینی ئەم شێوازەی من ناگریت، سەیرم مەکە. چونکە من هەموو ئەم شتانە لە پێناو دایکم دەکەم و ناترسم و لە قسەکانی ئێوەش تەریق نابمەوە''.