هەناردەی نەوتی ئۆپێك لە جیاتی دابەزین هەڵکشاوە

:: PM:04:42:22/07/2017 ‌

ئەم مانگە بەرهەمهێنانی نەوتی جۆری ئۆپێك لە جیاتی ئەوەی نزم ببێتەوە، بەرز دەبێتەوە، ئەوەش مەترسییە بۆ سەر ئەو هەنگاوەی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك بۆ بەرزكردنەوەی نرخی نەوت ناویانە.

پێشبینی كراوە لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا، ئاستی هەناردەی وڵاتانی ئۆپێك لە هەر رۆژێكدا ١٤٥ هەزار بەرمیل بەرز ببێتەوە و ئەوەش دەریدەخات وڵاتانی ئۆپێك ئەو رێككەوتنەیان بە تەواوی جێبەجێ نەكردووە كە خۆیان بڕیاریان لەسەری دابوو.

پێویستە بگوترێت لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، وڵاتانی ئۆپێك بڕیاریان دابوو بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی ملیۆنێك و ٢٠٠ هەزار بەرمیل بۆ هەر رۆژێك كەم بكەنەوە. نزیكەی ٩٠%ی رێككەوتنەكە جێبەجێ كرا و لە ٢٥ی مانگی ئایاری ئەمساڵیش رێككەوتنەكە نۆ مانگی تر درێژ كرایەوە و بڕیار درا تا كۆتای ئاداری ساڵی ٢٠١٨ لەسەر هەمان رێككەوتن بەردەوام بن.

ئامارەكان ئەوە دەردەخەن كە ئەو وڵاتانە نەیانتوانیوە رێككەوتنەكە بە تەواوی جێبەجێ بكەن. یەكێك لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێك، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەر دوو وڵاتی لیبیا و نایجیریا پەرەی سەندووە. لیبیا و نایجیریا لە رێككەوتنەكە هەڵاوێر درابوون. ئەو دوو وڵاتە بۆیان هەیە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان بەرز بكەنەوە.

دانیال گاریز بەڕێوەبەری كۆمپانیای پێترۆ لۆجستیك پێشبینی كردووە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی ئۆپێك ٣٣ ملیۆن بەرمیل تێپەڕێنێت و بگاتە ٣٣ ملیۆن و ١٤٥ هەزار بەرمیل. ئەو باسی لەوە كردووە كە بەرزبوونەوەكە لە ژێر كاریگەریی بەرهەمهێنانی زیاتری هەریەك لە وڵاتانی سعوودیە، ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی و نایجیریادا بووە.

 قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ بەراورد بە تێكڕای بەرهەمهێنانی نەوت لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا، ٦٠٠ هەزار بەرمیل زیادی كردووە.

پێترۆ لۆجستیك یەكێكە لەو كۆمپانیایانەی كە چاودێری ئاستی هەناردەی ئۆپێك دەكات و ئامارەكانی جێگەی متمانەن.

ئەو گۆڕانكارییە لە كاتێكدایە كە ئاستی هەناردەی نەوتی سعوودیە بۆ ئەمەریكا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوو. لە ماوەی هەفتەی رابردوودا سعوودیە رۆژانە ٥٢٤ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمەریكا كردووە.

لە سعوودیەوە نەوت بە كەشتی بۆ ئەمەریكا دەگوازرێتەوە كە توانای هەڵگرتنی دوو ملیۆن بەرمیلی هەیە و هەفتانە ئەو كەشتییانە لە ئەمەریكا بارەكەیان بەتاڵ دەكەن. قەبارەی هەناردەی نەوتی سعوودیە بۆ ئەمەریكا گرێ دراوە بە كاتی گەیشتنی ئەو كەشتییانە بە ئەمەریكا.

هەڵبەت سعوودیە مەبەستی بووە بە كەمكردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ ئەمەریكا ببێتە هۆكاری كەمبوونەوەی كۆگەكانی ئەمەریكا و دواجار نزمبوونەوەی نرخی نەوتی لێ بكەوێتەوە.

بەگوێرەی dailyfx دوێنێ هەینی كە دوایین رۆژی هەفتەی بازاڕی بۆڕسە بوو، نرخی نەوت بۆ یەكەم جار دوای مانگ و نیوێك گەیشتە ٥٠ دۆلار و دواتر لە سەعاتەكانی كۆتای بازاڕەكە دووبارە رووی لە دابەزین كردەوە و دواجار بە نرخی ٤٧ دۆلار و٨٢ سەنت وەستا.

تا نەوتی جۆری لیتەیی یان شێلی ئەمەریكا نەدۆزرابووەوە، رێكخراوی ئۆپێك حوكمی نەوتی دنیای دەكرد و ئەو رێكخراوە بوو كە ئەگەر پێ خۆش بووایە، ئەوا نرخی نەوت بەرز دەبووەوە یان دادەبەزی، چونكە بەشێكی بەرچاو لە پێداویستییەكانی دنیا بە نەوتی خاوی دابین دەكرد.

دوای ئەوەی نەوتی لیتەیی لە ئەمەریكا دۆزرایەوە و پەرەی پێ درا، ساڵ بە ساڵ زیاتر لە جاران توانای ئەو جۆرە نەوتە لە بازاڕی دنیا بەهێزتر دەبوو، بە تایبەتی كاتێك نرخی نەوت لە ساڵانی ٢٠١٢ تا ٢٠١٤ بەرەو سەرووی ١٠٠ دۆلار هەڵكشا، دەرفەتێكی زێڕین بوو بۆ وەبەرهێنەرانی نەوتی لیتەیی ئەمەریكا هەوڵەكانیان زیاتر بەگەڕ بخەن، بیری زیاتر لێ بدەن و نەوتی زیاتر بەرهەم بهێنن.

 لەرووی ئابوورییەوە دەرهێنانی نەوتی جۆری لیتەیی كە لە قووڵایی زەوی و لە نێو بەردەكان دەردەهێنرێت، پێویستی بە تەكنەلۆجیای زۆر پێشكەوتوو و خەرجییەكی زۆر هەیە و ئەگەر نەوت لە خوارووی ٦٠ دۆلار بفرۆشرێت، ئەوا قازانجێكی ئەوتۆ بۆ ئەو جۆرە نەوتە نامێنێتەوە.

نەوتی جۆری لیتەیی بە رادەیەك بەرهەم هێنرا كە بازاڕی نەوتی تێر كرد و سەرجەم كۆگەكان پڕ بوون و ئەمەش وای كرد نرخی نەوت روو لە دابەزین بكات. یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی بازاڕی نەوت ئەوەیە تا ئاستی خستنەڕوو لە بەرامبەر ئاستی بەكاربردن زۆرتر بێت، ئەوا نرخی نەوتیش روو لە دابەزین دەكات و پێچەوانەكەشی نرخی نەوت بەرز دكاتەوە.

نەوتی لیتەیی دواجار بوو بە جەمسەرێك لە بازاڕی نەوت، سەرەتا ئۆپێك هیچ بایەخێكی بەو نەوتە نەدەدا، بەڵام كاتێك زانرا خەریكە بازاڕی نەوت كۆنترۆڵ دەكات، ئەو دوو جۆرە نەوتە كەوتنە ركابەری و ململانێیەكی سەخت لەگەڵ یەكتر.

بە ئامانجی شكست پێهێنان بە پڕۆژەكانی دەرهێنانی نەوتی لیتەیی، وڵاتانی ئۆپێك بە تایبەتی سعوودیە، دەستیان كرد بە بەرهەمهێنانی نەوتێكی زۆر تا بتوانن شكست بە بازاڕی نەوتی لیتەیی بهێنن. ئەگەر نەوت لە خوارووی ٦٠ دۆلار بفرۆشرێت، ئەو كۆمپانیایانەی نەوتی لیتەیی بەرهەم دەهێنن زیانیان پێ دەگات.

ئەو هەوڵەی ئۆپێك تا رادەیەك كاریگەری هەبوو لەسەر پاشەكشەی نەوتی لیتەیی و زۆرێك لەو كۆمپانیایانە پڕۆژەكانیان راگرت، بەڵام نەیتوانی شكست بە بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی بهێنن.

 لەو كۆبوونەوەیەی ٢٥ی ئایار لە جنێڤ وڵاتانی ئۆپێك بەڕێوەیان برد، شاندێك لە بەرهەمهێنەرانی نەوتی لیتەییش هاتنە شارەكە و چاویان بە بەرپرسانی ئۆپێك كەوت و بڕیاریشە بەم زووانە شاندێكی باڵا لە رێكخراوی ئۆپێك سەردانی تەكساسی ئەمەریكا بكات و لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوتی لیتەییدا كۆ ببێتەوە. لەو دانوستان و گفتوگۆیانە روون دەبێتەوە ئایا ئەو دوو جەمسەرەی نەوتە بەیەكەوە هەڵدەكەن یان دەكەونە جەنگێكی نوێوە.

بڕیارە لە ٢٥ی ئەم مانگەش وڵاتانی ئۆپێك لە رووسیا كۆ ببنەوە و چارەیەك بۆ دۆخی بازاڕی نەوت بدۆزنەوە و پێداچوونەوەیەك بەسەر سیاسەتەكانیان بكەن.

هەرێمی کوردستان کە لە داهاتەکەی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت پێویستی بەوە هەیە نرخی نەوت بەرز بکرێتەوە، هەرێمی کوردستان بەرپرسیار نییە لەوەی ئاستی هەناردەکەی چەند بەرز بکاتەوە بەڵکوو ئەو بەرپرسیارییەتییە خراوەتە سەرشانی عێراق.  






وشە - سلێمان تاشان