بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی ڕای دەگەیەنێت كە هەوڵێكی رژدیان داوە بۆ ئەوەی بڕێكی زۆر نەوت لە بەغداوە ڕەوانەی سلێمانی بكرێت و نرخی نەوت لە بازاڕەكان دابەزێنن. دووپاتی كردەوە، "لەم هەفتەیەوە دەست بە دابەشكردنی نەوت دەكرێت".
زستانی رابردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی كوردستان خۆی لە بەرپرسیارێتی دابینكردنی نەوت بۆ گەرمكردنەوەی ماڵان بوارد، هەرچەندە كارەبا وەك پێویست نییە لە كوردستان. ئەوە وای كرد زۆر رەخنە رووبەڕووی ئەو وەزارەتە بكرێتەوە.
محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی ئەمڕۆ شەموو بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو نەوتەی بەغدا بۆ سلێمانی دەنێرێت ڕۆژی دوو تانكەر نەوتە، لەگەڵ (لەبری پارێزگاری سلێمانی) و وەزارەتی نەوتی عێراق قسەیان كردووە بۆ ئەوەی هەناردەی ئەو نەوتە زۆر بكرێت.
"لەبری پارێزگار" پۆستێكی تایبەت بە سلێمانی و بەهۆی مۆڵەتی پارێزگاری پێشوو و نایاساییبوونی پارێزگاری جێگرەوەی كە بەپێی رێككەوتنی یەكێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان دووچاری ئەو دۆخە كرایەوە، ئێستە یەكێك لە جێگرەكانی پارێزگار بە سیفەتی "لەبری پارێزگار" كاروباری شارەكە رایی دەكات.
حەسیب گوتی، "هەوڵێكی رژد دراوە بۆ ئەوەی بەغدا ڕۆژی پێنج تانكەر نەوت بۆ سلێمانی بنێرێت و لەم هەفتەوە ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكرێت و ڕۆژانە پێنج تانكەر نەوتمان بە دەست دەگات، لەو نەوتەی پێشتر بۆمان هاتووە، بڕێكمان هەڵگرتووە و لەم هەفتەیەوە دەست بە دابەشكردنی نەوت دەكەین بەسەر هاووڵاتییاندا".
ئەو بەرپرسەی نەوت و كانزاكان ئاشكرای كرد كە پرۆسەكە لە قەرەداغ و دووكان و دواتر لە چەمچەماڵ و دەربەندیخان و بەدوایاندا لەناو شاری سلێمانی نەوت دابەش دەكەن.
"وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نەوتمان بۆ دابین ناكات، بەغدایش بڕێكی كەم نەوت دەنێرێت، بۆیە پرۆسەكە بەو شێوەیە بەڕێوە دەچێت و لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە"، ئەمە لە وەڵامی پرسیاری "وشە" لەبارەی هۆی دابەشكردنی نەوت لەم وەزری گەرمایەدا. محەمەد حەسیب وای گوت.
ئەوەشی ڕاگەیاند، نووسراویان بۆ سەرووی خۆیان كردووە بۆ ئەوەی لە مانگی ئاب و ئەیلوول هەوڵێك بدرێت تا لەو دۆخە خراپەی ئێستە نەوت دابین بكرێت بۆ ئەوە بدرێتە هاووڵاتییان.
حەسیب پلانی فەرمانگەكەی خستە ڕوو بەوەی سەرجەم كۆمپانیاكانی هێنانی سووتەمەنی بانگهێشتی كۆبوونەوەیەك دەكەن بۆ ئەوەی لەگەڵ بەنزین، نەوتیش هاوردەی سلێمانی بكەن و بەهۆیەوە نرخی نەوت لە بازاڕ هەرزان بكرێت كە بەم وەرزی هاوینە یەك بەرمیل بە 130 هەزار دینارە.
مانگی رابردوو 57 تانكەر بەنزیكی ئێران لە سلێمانی گیران، دوای ئەوەی سنووری باشماخیان بڕی، دوای پشكنین دەركەوت بەنزینە باركراوەكە نەخۆشی شێرپەنجە بڵاو دەكاتەوە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی