10 هەزار پڕۆژەی وەهمی لە عێراق هەن

:: PM:06:00:22/07/2017 ‌

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات كە 10 هەزار پڕۆژەی وەهمی لەعێراق بوونیان هەیە لە چوارچێوەی ئەو گەندەڵییە كارگێڕی و دارییەی عێراقی گرتووەتەوە، ئەو ئاماژەی كرد كە تا ئێستە زیاتر لە شەش ملیار دۆلاری ئەمەریكایی بۆ گرێبەستەكانی كارەبا تەرخان كراوە، بەڵام هیچ ئەنجامێكیان نەبووە.

رەحیم دەراجی لەو بارەوە رای گەیاند كە هەنگاوی داهاتوو بە ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنانەوەی شارەكان هیچ گەمتر نییە لە ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانە لە داعش، ئەوەش لە بارەی دابینكردنی خەرجییەكانی ئاوەدانكردنەوە و شێوەی خەرجكردنی و پاراستنی ئەو پارەی تەرخان دەكرێت لە گەندەڵكار و دزەكانەوە.

زیاتر گوتی، لە ساڵانی پێشوودا بە بەهای زیاتر لە شەش ملیار دۆلار گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكان كراوە بۆ دابینكردنی وزەی كارەبا كە تا ئێستەش لەو ئەنجامە تەنانەت یەك گڵۆپیش دانەگیرساوە، ئەو هەروەها بوونی زیاتر لە 10 هەزار پڕۆژەی وەهمی لە بوارە جۆراوجۆرەكان و وەزارەتەكانی دەوڵەت ئاشكرا كرد.

شایەنی باسە بە پێی ئامارەكان ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانی ناوچە ئازادكردكراوەكان لە داعش لە هەرسێ پارێزگای مووسڵ و سەڵاحەدین و ئەنبار، بەتایبەتی لە مووسڵ پێویستی بە زیاتر لە 40 ملیار دۆلار هەیە، ئەوەش وا دەكەن كە پێویستە كۆمپانیا و لیژنەی خەرجكردنی رەسەن و پاك بۆ ئەو كارە بێتە دیاریكردن لە دوای تەرخانكردنی ئەو بڕە پارە. 

داعش لە حوزەیرانی 2014 دەستی بە هێرشێكی فرەوان كرد لە عێراق و توانی چەندان شار داگیر بكات، ئەو بەدرێژایی سێ ساڵی رابردوو بێجگە لە كوشتن و بڕین، ژێرخانی ئەو ناوچانەی وێران كرد، بێجگە لەو وێرانییەی بەهۆی جەنگی ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانە دروست بوو، لە 10ی تەمووزی ئەمساڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئازادبوونەوەی مووسڵ راگەیاند.

سەرچاوە: ئەلمەعلوومە




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل