عێراق و ئێران یاداشتێك بۆ هاریكاری سەربازی ئیمزا دەكەن

:: PM:08:06:22/07/2017 ‌
وەزیری بەرگری عێراق سەردانی ئێران دەكات و بە پێی سەرچاوەكان تاوتوێكردنی چەند پرسێكی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە چاوەڕوان دەكات لەوانە ئیمزاكردنی یاداشتێك بۆ هاریكاری سەربازی و تەناهی.

ئەمڕۆ شەموو عیرفان حەیالی وەزیری بەرگری عێراق بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵای سەربازی سەردانی تارانی كرد و بە پێی سەرچاوەكان بانگهێشتنی حەیالی لەلایەن ئێرانەوە بۆ باسكردنی چەند پرسێكی گرنگە لەوانە جەنگی تەلەعفەر و بەشداری و بوونی حەشدی شەعبیە لە مووسڵ.

حەیالی لە سەردانەكەیدا كە دوو رۆژ دەخایەنێت، لە كۆبوونەوەیەكی داخراودا لەگەڵ حوسێن دەهقانی هاوتا ئێرانییەكەی لە بارەگەی وەزارەتی بەرگری ئێران كۆ بووەتەوە، هەروەها دوای كۆبوونەوەی لە بەغدا لەگەڵ فەریق عەبدورەحمان كوری ساڵح سەرۆك ئەركانی سوپای  سعوودیە دێت.

حەیالی لەو سەردانەدا شاندێكی باڵای سەربازی هاوەڵی دەكات، بە پێی سەرچاوەیەكی ئاگەداریش حەیالی بەنیازە یاداشتێكی هاریكاری سەربازی هاوبەش لە بواری نەهێشتنی تیرۆر لە نێوان هەردوو وڵات ئیمزا بكات، كە پێشتر تاوتوێ كراوە و رێككەوتنی لەبارەوە كراوە و بە ئیمزاكردنیشی دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە. 

وەزیری بەرگری عێراق لەو سەردانە باتسی ئەنجامی جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ و كەمبوونەوەی دەسەڵاتی داعش لە عێراقی كردووە، بەپێی سەرچاوەكان پرسی جەنگی ئازادكردنەوەی تەلەعفەر كە پرسێكی ئاڵۆزە بەهۆی نەخوازراوی بەشداریكردنی حەشدی شەعبی تیایدا، یەكێكە لە پرسە گرنگەكانی ئێران باسی دەكات.

ئێران كە پاڵپشتێكی گەورەی هێزەكانی حەشدی شەعبییە سوورە لەسەر بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە ئازادكردنەوەی شارۆكەی تەلەعفەر لە رۆژئاوای مووسڵ، لەو كاتەی حكوومەتی عێراق ئەوە رەت دەكاتەوە و نایەوێت بە بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە سەنتەری تەلەعفەر تۆڵەسەندنەوە دەست پێ بكات بە هاوشێوەی ئەوەی لە رومادی و فەلووجە و شوێنی تر روویان دا.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل