حەشدی شەعبی رۆشنبیری وهونەری لە خورماتوو ئیفلیج كردووە

:: PM:08:08:22/07/2017 ‌
بەرپرسێكی رۆشنبیری و گەنجان و هونەرمەندانی شارۆكەی خورماتوو باس لە پاشەكشەی رەوتی رۆشنبیری و هونەر لە ناوچەكەیان دەكەن، بەتایبەت لەپاش هاتنی چەكدارانی حەشدی شەعبی بۆ ئەو ناوچانە.

محەمەد بەسڕی زەنگەنە، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری شارۆكەی خورماتوو، ناسراو بە ناوچەی كوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەتایبەت بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی دوو ساڵە گرژی و ئاڵۆزییەكی بەرچاو شارۆكەی خورماتووی گرتووەتەوە و ئەو ئاڵۆزییەش لەپاش هاتنی چەكدارانی حەشدی و بوونی هێزی زۆر لە ناوچەكە دروست بووە، كە كاری كردووەتە سەر رەوتی رۆشنبیری لە ناوچەكەدا.

زیاتر گوتی، ئەگەر سەرنج بدەین ماوەی دوو ساڵە چالاكییە هونەرییەكان بەهۆی دۆخی تەناهی و هاتنی حەشدی شەعبییەوە رووی لە كەمی كردووە و جموجۆڵە هونەرییەكان وەستاون، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری خورماتوو نەیشاردەوە كە ماوەی چوار ساڵە بەڕێوەبەرایەتییەكەی ئەوان لە ناوچەكە دامەزراوە و پێشتریش لەدوای رووخانی رژێمی بەعسەوە،  دەزگەكانی سەر بە حكوومەتی ناوەند هیچ چالاكییەكیان بۆ خزمەتكردنی رەوتی رۆشنبیری ناوچەكە ئەنجام نەداوە.

ئاماژەی كرد، بە ژمارە رای بگەیەنم كە تیپە هونەرییەكان لەكاتی راپەڕینەوە و لە ئێستەدا هەریەك تیپ بووە، سەبارەت بە كتێبخانەش، ئەوسا و ئێستەش یەك كتێبخانە لە ناوچەكەدا هەیە.

ئاری محەمەد، گەنجێكی تێنووی هونەری ناوچەكە بۆ "وشە" ئاماژەی دا، هەرچەند بواری هونەر و رۆشنبیری فەرامۆش كراوە بەڵام لە رێگەی هونەرەوە و لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا هەوڵی ئاشتكردنەوەی پێكهاتەكانی ناوچەكە درا، ئەوەش بە بۆیەكردنی بەردە كۆنكرێتییەكان، كەچی حەشدی شەعبی ئەو هەوڵانەشی لەناو برد.

سالار سەمین چیڕۆك و رۆماننووس لە خورماتوو بۆ "وشە" پێداگری لەوە كرد كە لە سەردەمی بەعسدا زیاتر گرنگی بە خوێندنەوە دەدرا نەوەك ئێستە و رای گەیاند  كە دۆخی ناوچەكە قەڵەم بەدەستانی لە یەكتر دوور خستووەتەوە.

گەرمیان/ سەبری هۆرینی 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل