ئازاد جوندیانی: هیچ هێزێك ناتوانێ رێگر بێت لە سەربەخۆیی كوردستان

:: PM:09:30:22/07/2017 ‌

ئازاد جوندیانی سەركردەی دەست لەكاركێشاوەی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان ئاماژەی دا كە هیچ وڵاتێك ناتوانێ بە هێز و چاوسووركردنەوە رێگر بێت یا ئاستەنگ بۆ سەربەخۆیی و رای خەڵكی كوردستان دروست بكات.

ئەو قسانەی ئازاد جوندیانی لە میانەی ئێوارە كۆڕێك هات كە ئەمڕۆ شەموو 22ی تەمووزی 2017 دەزگەی زاری كرمانجی بۆ راگەیاندن و رۆشنبیری لە هۆڵی بۆنەكانی سۆران بە ناونیشانی "فۆبیای كورد" سازی كردبوو.

جوندیانی باسی عێراق و ترسی لە كورد كرد و گوتی، دەوڵەتی عێراق كە بەخێرایی بەرەو دەوڵەتی مەزهەبی دەڕوات، ئەمەش تەنیا ستراتیژی رێبەرایەتی دەسەڵاتی شیعەی عێراق نییە، بەڵكو ئەمە ستراتیژی مەزهەبگەرای شیعەیە لە هەموو ناوچەكەدا، ئەوان فۆبیای كوردیان هەیە لە 2010وە هەوڵی بچووككردنەوەی رۆڵی كورد دەدەن لە عێراقدا و ترسیان لەوە هەیە كورد برا بچووكی قبووڵ نەكات. 

هاوكات لە پرسی سەربەخۆیی، جوندیانی ئاشكرای كرد كە ئێستە كە كورد مەسەلەی سەربەخۆیی لە باشوور هێناوەتە رۆژەڤ و هەنگاوە كرداریەكانی دەست پێ كردوە، بۆیە فۆبیای كورد و ترس لە كورد بێ پەردە لە هەر چوار وڵاتەكە خۆی نمایش دەكات.
 
ترسانی هەر چوار وڵاتی دەورووبەرمان فۆبیایە لە بوونی نەتەوەی كورد تا بوونی ئیرادەی سەربەخۆیی، ئێستە ئەو چوار وڵاتە لەو راستییە باش تێ دەگەن، كە كورد وەك نەتەوە و كوردستان وەكو نیشتیمانی خەڵكی كوردستان لەوە تێپەڕیوون كە تار و مار بكرێن و بوونییان وەكو نەتەوە بسڕێتەوە، بۆیە ئێستە بە ناچاری بابەتی دژاریەتییان گۆڕیووە لە ئینكار و توانەوەوە بۆ زەوتكردنی ئیرادەی سەربەخۆ، جوندیانی وای گوت.

جوندیانی روونی كردەوە كە بە پێی هەموو لێكدانەوەكان بنەمای زۆر لە تیۆرە سیاسی و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان و دۆخە زاتی و مەزووعییەكان تا ئەو ئەندازیە گۆڕاون كە ناكرێ هیچ كەس و لایەن و دەوڵەتی ناوچەیی و جیهانی و بە ئەمریكا و ئەوڕوپا و نەتەوە یەكگرتووەكانیشەوە بەهەر بیانوویەكی سیاسی جیۆسیاسی و جیۆستراتیژی ئیڕادەی سەربەخۆی نەتەوەیەك بە هەڕەشە و چاوسووركردنەوە و بە پشت تێكردن و فۆڕم و ئەدەواتی تر زەوت بكەن.

ئەو سەركردەی دەست لەكاركێشاوەی یەكێتی ئاماژەی كرد، بابەتی ریفڕاندۆم بە پێی هەموو بنەما نێودەوڵەتی و بە پێی سەروەریی عێراقیش وەك دەوڵەتێك هیچ پێوەندییەكی راستەوخۆی بە ئێران و توركیا و سووریاوە نییە، ئەی بۆچی ئەوها بە گەرمی لە دژی ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی كوردستان وەستاونەتەوە.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد، بۆیە خەڵكی ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان پاڵپشتی و پشتگیری خۆیان بۆ ریفڕاندۆم و سەربەخۆی كوردستان دەردەبڕن.

سۆران/ موڕشید برادۆستی 







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل