سوودەكانی كەوەر چییە؟

:: PM:10:46:22/07/2017 ‌

كەوەر سوودی زۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە بەهۆی دەوڵەمەندی بەچەندان مادە كە لەش لە نەخۆشی دەپارێزن و یارمەتی لەش دەدەن بۆ باشتر بەڕێوەچوونی فەرمانەكانی، ئەو ڤیتامینی جیاواز و كانزا و دژەئۆكسێنەر و فۆلیك ئەسیدی تیادایە كە رۆڵیان هەیە لە چارەسەركردنی چەند نەخۆشییەكی مەترسیدار و درێژخایەن.

دكتۆر عادل عەبدورەحمان شارەزای خۆراكی چارەسەركردن و تەندروستی گشتی دووپات لەسەر پێویستی گرنگیدان بە خواردنی كەوەر لە ژەمەكان دەكاتەوە كە یەكێكە لە تاكەكانی خێزانی سیر و پیاز، بۆیە خواردنی بۆ ماوەی هەفتەیەك بە بەردەوامی سوودی گەورەی دەبێت وەك ئەوانەی خوارەوە:

*خواردنی رۆژانەی كەوەر فەرمانەكانی لەش باشتر دەكات بەهۆی بوونی ڤیتامینەكانی ئەی و بی6 و سی و كەی و كانزای ئاسن و كالیسیۆم و مەگنسیۆم و مەنگەنیز و ئاو پرۆتین و ریشاڵی رووەكی.

*دابەزاندنی پاڵەپەستۆی خوێن و پاراستنی مرۆڤ لە نەخۆشییەكانی دڵ و رەقبوونی خوێنبەرەكان و جەڵتەی مێشك و دڵ و پەككەوتنی فەرمانی ماسولكەی دڵ.

*كەمكردنەوەی رێژەی كۆلیسترۆڵی زیانبەخش لە خوێن و بەرزكردنەوەی رێژەی كۆلیسترۆلی سوودبەخش و چارەسەركردنی نەخۆشانی قەڵەویی و كۆلیسترۆل و لوولەكانی خوێن.

*باشتركردنی كاری كۆئەندامی هەرس و بەدهەرسی و ئاسانكردنی مژینی خۆراك و رزگاربوون لە پاشماوەی ژەهراوی.

*سەرچاوەیەكی باشە بۆ مادەی " allyl sulfides" كە بە پێی توێژینەوەكان یاریدەرە بۆ كەمكردنەوەی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستات و گەدە و قۆڵۆن.

*مادەی " Sulfo azotee"ی تیادایە كە میز پێكەرە، بۆیە سوودی هەیە بۆ رزگاربوونی لەش لە مادە ژەهراوییەكان و بەردی رێڕەوی میز. 

*وەك دژەهەوكردن كار دەكات و رێگری لە توشوبوونی نەخۆشییەكانی وەرزی و گوازراوە دەكات، بێجگە لە كاركردنی وەك پاككەرەوەی برین.

*بڕێكی زۆری لە كالیسیۆم و مەگنیسیۆم تیادایە كە دوو مادەی گرنگن بۆ تەندروستی لەش و ئێسك، بەو هۆیەی ئەوانە رۆڵیان هەیە لە گۆڕینی ڤیتامین دی بۆ حاڵەتێكی كارا و بەهێزكردنی ئێسقان و نەهێشتنی پووكی ئێسك و لاوازی جومگە و بڕبڕەكان.

*بڕێكی زۆر مادەی ئاسنی تێیادایە، بۆیە یاریدەرە بۆ پاراستن لە چەندان جۆری ئەنیمیا (كەمخوێنی).

*سوودی زۆری بۆ ئافرەتی دووگیان هەیە بەهۆی بوونی رێژەیەكی زۆر لە فۆلیك ئەسید تیایدا كە رێگری لە شێوانی كۆرپەلە دەگرێت. 

سەرچاوە: ئەلغەدیر




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل