لەبەركردنی ئەم تیشێرتە لە توركیا گرتنی لێ دەكەوێتەوە

:: AM:09:00:23/07/2017 ‌

پۆلیس و هێزە تەناهییەكانی توركیا زیاتر لە 15 كەسیان لە شوێنە جیاجیاكانی توركیا گرت و خستیانە گرتووخانەوە، بەهۆی لەبەركردنی تیشێرتێك كە بە ئینگلیزی لە پێشەوەی تیشێرێتەكە وشەی "پاڵەوان" نووسراوە.

میدیاكان بڵاویان كردەوە، كە هۆی لەبەركردن و بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە تیشێرتە لە توركیا و نووسینی ناوی "پاڵەوان" بە زمانی ئینگلیزی كە دەكاتە "Hero" وەك ئاماژەیەك بۆ پشتیوانی كودەتاچییەكان لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیا لێك دراوەتەوە، بۆیە پۆلیس و هێزە تەناهییەكان دەستیان بە گرتنی ئەو خەڵكانە كردووە كە ئەم جۆرە تیشێرتە دەپۆشن.

چیرۆكی ئەو تیشێرتە لە 13 تەمووز/یۆلیۆ لەكاتی دادگاییكردنی یەكێك لە گیراوان بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ كوشتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەستی پێ كرد، بەهۆی ئەوەی گیراوەكە ئەو تیشێرتەی لەبەردا بوو.

لە ناوچە جیاجیاكانی توركیا بە تۆمەتی پڕوپاگەندەكردن بۆ تیرۆریستان تا ئێستە زیاتر لە 15 كەس بەهۆی پۆشینی ئەم جۆرە تیشێرتە گیراون و خراونەتە ژێر لێكۆڵینەوە.

ڕۆژی 15 تەمووز/یۆلیۆی 2016 هەوڵی ئەنجامدانی كودەتایەكی سەربازی لە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا درا، بەڵام دواتر خەڵكی ڕژانە سەر شەقام و ڕێگرییان لە سوپا كرد بۆ ئەوەی دامودەزگەكانی حكوومەت لە ئەنكەرە كۆنتڕۆڵ بكات، بەهۆی خەڵكەوە كودەتاكە شكستی خوارد، دواتر حكوومەتی ئاكپارتی و ئەردۆغان بە سەدان هەزار خەڵكیان لە كارەكانیان دوور خستەوە و بە هەزارانی تریشیان خستە گرتووخانەكانەوە و تا ئێستەش هەڵمەتی گرتن و دوورخستنەوە بەردەوامی هەیە.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د