نیمار پەشیمان بووەوە

:: AM:09:29:23/07/2017 ‌

هەرچەندە نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی تا رادەیەكی زۆر لە جێهێشتنی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی نزیك ببووەوە، بەڵام لەناكاو ئەو ئەستێرەیە بەفەرمی بڕیاری مانەوەی دا و لە بڕیاری رۆیشتن پەشیمان بووەوە.

لای خۆشییەوە یانەی بەرشەلۆنە بەم دواییە بەتەواوی هیوای مانەوەی نیماری لە ریزی یانەكەیدا لەدەستدابوو دوای ئەوەی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی ئامادەیی خۆی پێشاندابوو بە 222 ملیۆن یۆرۆ ئەو ئەستێرەیە بكڕێ.

بەگوێرەی سەرچاوەكان دوێنێ شەموو بەشێك لە یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە بەشێوەی راستەوخۆ لەگەڵ نیمار دانیشتوون و رازییان كردووە بۆ وەرزی داهاتوو هەر لەگەڵیان بەردەوام بێت.

رادیۆی (كەتەلۆنیا) بڵاوی كردەوە: لیۆنێل میسی، لویس سوارێز و گیرارد پیكێ لەگەڵ نیمار دانیشتوون دوای گفتوگۆیەكی زۆر توانیویانە رازی بكەن بۆ وەرزی داهاتوو لەنێو یاریگەی كامپ نوو بمێنێتەوە.

سێ ئەستێرەكەی یانەی بەرشەلۆنە بە نیماریان گوتووە، مانەوەی لە ریزی یانەی بەرشەلۆنەدا خزمەت بە ژیانی وەرزشی ئەو دەگەیەنێ، ئەویش لای خۆیەوە بڕوای بە قسەكانیان كردووە و بڕیاری مانەوەی لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە داوە.

جێی باسە نیمار لە هاوینی 2013 بە گرێبەستێك لە یانەی سانتۆسی بەڕازیلی پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كرد و لە ماوەی ئەو 4 وەرزەشدا 10 ناسناوی گەورەی لەگەڵ یانەكە بەدەستهێنا و سەرەتای ئەمساڵیش گرێبەستێكی نوێی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە تا ساڵی 2021 ئیمزا كرد.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م