كامه‌ران محه‌مه‌د عه‌زیز هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى ماسته‌ر له ئاسایشى جیهانى و مامۆستا له كۆلێژی زانسته سیاسییه‌كانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، له دیدارێكی "وشه"دا هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی له باشووری كوردستان ده‌كات و دووپاتی ده‌كاته‌وه، كورد به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه ده‌رفه‌تێكی بۆ سه‌ربه‌خۆیی هاتووه‌ته پێش كه ئه‌و ده‌رفه‌تانه به ئاسانی دروست نابنه‌وه.
كامه‌ران كه هاوكات قوتابى دكتۆرایه له زانكۆى "لایدن" له هۆڵه‌ندا، پێی وایه، هه‌لومه‌رجی باشووری كوردستان به‌شێوه‌یه‌كه كه پاڵپشتی نێوده‌وڵه‌تی به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ بۆ دروست نابێت و پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات ده‌نگی "نه‌خێر" له ریفراندۆمدا پێگه‌ی كوردستان به‌رامبه‌ر به‌غدا زۆر لاواز ده‌كات و گورزێكی گه‌وره‌یه به‌ر پرۆسه‌ی ده‌وڵه‌تبوون ده‌كه‌وێت.
له‌گه‌ڵ بڕیاردان له ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ، هه‌ندێك پاساو به‌وه دێننه‌وه كه ئه‌مه‌ریكا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی یان وڵاتانی ناوچه‌كه پشتیوانی ناكه‌ن، ده‌كرێت به‌هۆی نه‌بوونی پاڵپشتی ئه‌وان، كورد پاشه‌كشه بكات؟ ئایا پشتیوانی ئه‌مه‌ریكا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سه‌نگی مه‌حه‌كه بۆ ریفراندۆم؟
به ڕاستی ئێمه تا ئێسته نه‌هاتووینه‌ته سه‌ر گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بابه‌تی ده‌وڵه‌ت خۆی، سروشت و شێوه‌كه‌ی له سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تیدا، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یه خوێندنه‌وه‌یه‌كی دروست بۆ پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی بۆ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی و هه‌نگاوه‌كانی دوای ریفراندۆم كه به ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ده‌بێت كۆتای پێ بێت، نه‌كراوه. به‌ڵكو ته‌واوی ئارگیومێنت و گفتوگۆكان له باشترین حاڵه‌تدا زۆر ناوخۆین و وه‌ك ره‌خنه‌یه‌ك له حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كورت كراونه‌ته‌وه، نه‌ك له‌سه‌ر بابه‌تی ده‌وڵه‌ت خۆی. زانا به‌ناوبانگه‌كانی بواری پرۆسه‌ی به‌ده‌وڵه‌تبوون له وانه (نی‌نا كاسپرسن، پۆل كۆلستۆ، سكۆت پێگ) هه‌موو پێیان وایه پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی یه‌كێكه له كۆڵه‌گه‌كانی دروستبوونی هه‌ر قه‌واره‌یه‌ك، دواتر پاراستن و ڕه‌وایه‌تی و به‌رده‌وامیه‌تی له سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تیدا. واتا به‌بێ بوونی پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی هه‌ر قه‌واره‌یه‌ك هه‌وڵی سه‌ربه‌خۆیی بدات یا بیه‌وێت پارێزگاری له سه‌ربه‌خۆیییه‌كه‌ی بكات، ڕووبه‌ڕووی به‌ره‌نگاریی گه‌وره له‌سه‌ر بوون و مانه‌وه و به‌رده‌وامیی ده‌بێته‌وه، به‌مه‌ش گورزی گه‌وره له ڕه‌وایه‌تی و جووڵه‌كردنی له پانتایی سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی ده‌دات. هیچ قه‌واره‌یه‌كیش بێ پشتگیری و دانپێدانانی نێوده‌وڵه‌تی ناتوانێت به‌رده‌وام بێت، یا ئه‌گه‌ریش به‌رده‌وام بێت، زۆر گۆشه‌گیر و لاواز و بهرشكست ده‌بێت. بۆیه پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی كۆڵه‌گه‌یه‌كی گرنگه، به‌ڵام به ته‌نیا هه‌موو شت نییه، به ته‌نیا ناتوانێت چاره‌نووسی پرۆسه‌ی به‌ده‌وڵه‌تبوون یه‌كلا بكاته‌وه. چه‌ند فاكته‌رێكی تریش هه‌ن وه‌ك پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی گرنگن له پرۆسه‌ی ده‌وڵه‌تبووندا كه به ته‌واوه‌تی له گفتوگۆكانی ئێسته پشتگوێ خراون. له‌وانه: لاوازی حكوومه‌تی مه‌ركه‌زی، هه‌رچه‌ند حكوومه‌تی مه‌ركه‌زی لاواز بێت، پرۆسه‌ی به ده‌وڵه‌تبوونی قه‌واره‌یه‌كی وه‌ك كوردستانی باشوور خێراتر ده‌بێت و له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی زیاتر سه‌رنجڕاكێشتر ده‌بێت، به پێچه‌وانه‌یشه‌وه، هه‌رچه‌ند حكوومه‌تی مه‌ركه‌زی به‌هێز بێت، هێنده ئارگیومێنتی سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ڕه‌وایه‌تی و پشتگیری كه‌متر ده‌بێت، جا له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانی زلهێز بێت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ندیدا، یان به‌هۆی به‌هێزی حكوومه‌تی مه‌ركه‌زی بێت له لاوازكردنی هه‌وڵه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی، به‌تایبه‌ت زۆربه‌ی هه‌ره زۆری قه‌واره‌كان كه به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ده‌ڕۆن كێشه‌ی خاك و ناوچه‌ی جێناكۆكیان هه‌یه.
پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی بۆ ریفراندۆم له كه‌یسی كوردستاندا زۆر جیاواز ده‌بێت له شوێنه‌كانی تر، زۆربه‌ی ئه‌و قه‌وارانه‌ی له ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا هه‌نگاویان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ناوه، پشتگیری ته‌واوی وڵاتێكیان هه‌بووه كه پێی ده‌گوترێت (patron state)، له زۆربه‌ی كه‌یسه‌كاندا ئه‌و وڵاتی پشتگیریكهره هاوسنووری له‌گه‌ڵ قه‌واره‌كه‌دا هه‌بووه، وه‌ك پشتگیری توركیا بۆ قوبڕس، به‌رده‌وام له هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ده‌توانێت سنووری بۆ بكاته‌وه. به‌ڕاستی ئێمه‌ی كورد نه له ئێسته و نه له ئاینده‌شدا ناتوانین پشتگیریكه‌ری وامان هه‌بێت، مه‌گه‌ر گۆڕانكاری گه‌وره له ڕۆژئاوای كوردستان ڕوو بدات. بۆیه پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی بۆ كوردستان زۆر ڕاسته‌وخۆ نابێت، به‌ڵام ئێسته وێنه‌یه‌كی باش له‌سه‌ر كورد و كوردستان دروست بووه، ته‌نیا پێویستی به كاتی زیاتره بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌یه بگوازرێته‌وه بۆ ئه‌جێندای دروستكه‌رانی بڕیاری ئه‌و وڵاتانه.
له‌به‌رئه‌وه ئه‌نجامنه‌دانی ریفراندۆم له‌به‌ر نه‌بوونی پشتگیرییه‌كی ڕاسته‌وخۆی ئه‌مه‌ریكا بۆ پرۆسه‌كه ئارگیومێنتێكی به‌هێز نییه، چونكه له ڕووی ئیعتیباراتی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی تر ناتوانن له نه‌بوونی بنه‌مای به‌هێزی یاسای نێوده‌وڵه‌تی ده‌ستتێوه‌ردان بكه‌ن، بۆ نموونه جینۆساید و پێشێلكارییه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر مافی مرۆڤ، هه‌روه‌ها به تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكا كه ئه‌ركی پرۆسه‌ی ده‌وڵه‌تسازی له عێراق گرته ئه‌ستۆ له دوای ٢٠٠٣، بۆ ئه‌و ریفراندۆم و پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی به مانای كۆتای ئه‌و عێراقه دێت كه بۆی هاتبوو له ٢٠٠٣دا. له‌به‌رئه‌وه هیچ لۆژیك نییه یه‌كێك داوای دواخستنی ریفراندۆم بكات له‌به‌ر نه‌بوونی پشتگیرییه‌كی ڕاسته‌وخۆ، چونكه ئه‌گه‌ر تا ئێسته دروست نه‌بووبێت، ئه‌وا له ئاینده‌یه‌كی نزیكیشدا دروست نابێت.
له‌باره‌ی كاتی ریفراندۆمه‌وه دوو بۆچوون هه‌یه، بۆچوونی یه‌كه‌م ده‌ڵێ ئێسته كاته‌كه گونجاوه به‌هۆی هه‌لومه‌رجی عێراق و ناوچه‌كه و داعشه‌وه. بۆچوونی دووه‌م پێی وایه كاته‌كه گونجاو نییه، به‌هۆی نه‌بوونی پشتیوانی و ژێرخانه‌وه، ئێوه چۆن بیر ده‌كه‌نه‌وه؟
له نموونه‌ی وڵاتانی دنیادا، هیچ وڵاتێك نه‌بووه به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ڕۆیشتبێت له ده‌ره‌نجامی پرۆسه‌یه‌كی پێشكه‌وتن و دهوڵهتسازییهكی هه‌نگاو به هه‌نگاو، ژێرخانێكی به‌هێزی له سێكته‌ره جیاوازه‌كاندا هه‌بێت، به‌ڵكو هه‌موویان له ده‌ره‌نجامی ڕووداوی گه‌وره و دروستبوونی "ده‌رفه‌ت" و گۆڕانی بونیادی دروستبوونه، جگه له كه‌یسی كۆسۆڤۆ كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ساڵی ٢٠٠٣ كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رج له حوكمڕانی باش و دیموكراسی و سه‌روه‌ری یاسا و چه‌ند بنه‌مایه‌كی تر ده‌كاته پێشمه‌رج بۆ ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت كه به (standards before status) ناسراوه.
كه‌واته فاكته‌ری سه‌ره‌كی له پرۆسه‌ی به‌ده‌وڵه‌تبوونی هه‌ر قه‌واره‌یه‌كدا بریتییه له "ده‌رفه‌ت" و له كه‌یسی كوردستانی باشووردا، ئه‌و ده‌رفه‌ته بریتییه له شه‌ڕی تیرۆر و داعش. كورد و كوردستان وه‌ك ئه‌كته‌ری باوه‌ڕپێكراو و كارا له مه‌یدان له ڕووی سه‌ربازی و سیاسی و هزرییه‌وه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش ده‌ركه‌وت، بۆیه ئاماده‌باشی زیاتر پێویستی به كاتی زۆرتره، به سروشتی خۆی تا چه‌ند كات تێبپه‌ڕێت له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و قه‌وارانه نابێت كه هه‌وڵی جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆیی ده‌ده‌ن، ئه‌و بابه‌ته له ئه‌ده‌بیاتی به‌ده‌وڵه‌تبوون زۆر به ڕوونی یه‌كلا بووه‌ته‌وه.
تێپه‌ڕبوونی كات به مانای بهسروشتیكردن و ئاساییكردنی دۆخی هه‌نووكه‌یی status quo دێت، كه له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و قه‌واره‌یه نابێت كه هه‌وڵی سه‌ربه‌خۆیی ده‌دات. بۆیه ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر بنه‌مای سه‌ره‌كی بابه‌ته‌كه كه بریتییه له "ده‌رفه‌ت". به‌ڕاستی ده‌رفه‌ت له زۆربه‌ی جاره‌كاندا له ده‌ره‌نجامی ڕه‌هه‌ندی ده‌ره‌كییه‌وه دێت، واته دروستكراوێكی ده‌ره‌كییه، نه‌ك له ئه‌نجامی پرۆسه‌یه‌كی سروشتی هه‌نگاو به هه‌نگاوی ناوخۆیی، له‌به‌رئه‌وه دۆخێكی نه‌خوازراو دروست ده‌كات، به‌ڵام كاری له پیشینه ده‌بێت بۆ قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌كه بێت. پێشنیازكردنی قۆستنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌رفه‌ته هه‌رگیز به مانای ئه‌وه نایه‌ت بوونی ئاماده‌باشی و ژێرخانێكی به‌هێز پێشمه‌رجی سه‌ره‌كی نه‌بێت، به‌ڵكو دواجار ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی له دوای قۆناغی ڕاگه‌یاندنیان چیتر وه‌ك "ئامانج" نامێنێت، به‌ڵكو ده‌بێت ئامراز بێت بۆ ژیانێكی باشتر.
ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ریفراندۆم نین، زۆرجار ئاماژه به مۆدێلی حوكمڕانی له ده‌وڵه‌تی كوردستاندا ده‌كه‌ن، ئایا پێش راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت، ده‌شێت قسه له‌سه‌ر مۆدێله‌كه‌ی بكرێ؟ یان ئایا دیموكراسیی له ده‌وڵه‌تدا به‌رقه‌رار ده‌بێت یان له كۆمه‌ڵگه‌ی بێ ده‌وڵه‌تدا؟
من به‌و پرسیاره ده‌ست پێ ده‌كه‌م كه ئایا دیموكراسی له نه‌بوونی ده‌وڵه‌تدا دروست ده‌بێت؟ ئایا پرۆسه‌ی به ده‌وڵه‌تبوون ژینگه و هه‌لومه‌رجێكی له‌بار بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی به دیموكراسیكردن دروست ده‌كات؟
زۆربه‌ی شاره‌زاكانی ئه‌ده‌بیاتی به‌ده‌وڵه‌تبوون له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه دیموكراسی له نه‌بوونی ده‌وڵه‌تدا دروست نابێت، ئه‌گه‌ر بوونیشی هه‌بێت ته‌نیا شكڵی ده‌بێت، یا جیاواز ده‌بێت، زیاتر بۆ سه‌رنجڕاكێشانی جه‌ماوه‌ری نێوده‌وڵه‌تی دروست ده‌بێت، نه‌ك خواستێكی بژارده‌كانی ده‌سه‌ڵات بێت، چونكه پرۆسه‌ی به‌ده‌وڵه‌تبوون به سروشتی خۆی ژینگه‌یه‌كی به ته‌ناهیی و سهربازیكراو دروست ده‌كات، له‌و ژینگه‌یه‌دا هه‌ڵپه‌ساردنی دیموكراسی ده‌بێته نۆڕم، ده‌بێته حاڵه‌تێكی ئاسایی، به‌رده‌وام ده‌سه‌ڵات له‌به‌ر بوونی دۆخی ئیستسنائی و له‌ناكاوی ده‌توانێت پاساو بۆ دواخستنی دیموكراسی بێنێته‌وه. به‌ڵام له هه‌مانكاتدا ئه‌و دۆخه دژبه‌یه‌ك ده‌بێت له‌گه‌ڵ خه‌باتی ئه‌و قه‌واره‌یه له سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تیدا، چونكه پێویستی به‌وه ده‌بێت بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكات كه ئه‌و قه‌واره‌یه ته‌نیا خه‌ریكی موماره‌سه‌كردنی مافه دیموكراسییهكانیهتی و وڵاتانیش ده‌بێت ڕێز له دیموكراسی بگرن.
بۆیه وه‌ڵامی من به‌و شێوه‌یه ده‌بێت، له نێوان دیموكراسی و به‌ده‌وڵه‌تبووندا نابێت هیچ یه‌كیان كاری له پیشینه وه‌ربگرێت به شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ی تر پشتگوێ بخات، به‌ڵكو هاوسه‌نگی له نێوانیان دروست بكرێت، هه‌ردوو پرۆسه ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه ببرێنه پێشه‌وه، چونكه به‌م شێوه‌یه تۆ هه‌لومه‌رجی تایبه‌تی پرۆسه‌كه له ئاستی ناوه‌خۆ و واقیعی سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی له‌به‌رچاو ده‌گری، كه ناچارت ده‌كات جۆرێك له هاوسه‌نگی له نێوان دیموكراسی و پرۆسه‌ی به‌ده‌وڵه‌تبووندا دروست بكه‌ی. ئه‌و گریمانه‌یه ده‌توانرێت له‌سه‌ر پرسی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی جێبه‌جێ ببێت، كاتێك پرسی سه‌رۆكایه‌تیی به‌ستراوه به پڕۆسه‌ی به‌ده‌وڵه‌تبوون و ژینگه‌یه‌كی بهتهناهیكراو دروست بوو، ئاسایی بوو تیایدا دیموكراسی دوا بخرێت. به‌ڵام ئه‌م پرسه خه‌ریكه له دژی ناوه‌ڕۆكی دۆزه‌كه ده‌وه‌ستێته‌وه، بۆیه ده‌بێت هاوسه‌نگی ڕابگیڕێت، هه‌ردوو هه‌لومه‌رج له‌به‌رچاو بگیردرێت.
تۆ له شوێنێكدا هه‌بوونی ئاواره‌كان و مهسیحییهكانت له كوردستان به خاڵێكی ئه‌رێنی داناوه بۆ دروستكردنی فشار له ئه‌گه‌ری هه‌وڵدانی وڵاتانی دراوسێ بۆ داخستنی ده‌روازه‌كان به‌ڕووی كوردستاندا، ده‌توانن ئه‌وه روونتر بكه‌نه‌وه؟
بوونی ئاواره‌كان و پرسی كه‌مینه‌كان له كوردستان، بابه‌تێكی زۆر پشتگوێ خراوه، به‌ڕاستی گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ی له پرسی كورددا دروست كردووه. نزیكه‌ی سێ ساڵه له بواری كه‌مینه و ئاواره‌كان كاری مه‌یدانیم كردووه، له دوای هاتنی داعش پرسی ئاواره و كه‌مینه‌كان به تایبه‌ت له ده‌شتی مووسڵ بووه پرسێكی نێوده‌وڵه‌تی، به ده‌یان ڕاپۆرت و توێژینه‌وه و كۆنفڕانس له‌و بواره‌دا ئه‌نجام دراون، وڵاتانی ئه‌وروپایی پشتگیری ده‌یان پڕۆژه‌ی ملیۆنان دۆلارییان له‌و بواره‌دا كردووه. یه‌كێك له خاڵه هاوبه‌شه‌كانی نێوان ئه‌و كارانه بریتیی بووه له وێنه‌ی ئه‌رێنی و لێبوورده‌یی كوردستان له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئاواره و كه‌مینه‌كاندا، ئه‌وه حاڵه‌تێكی زۆر نوێیه له بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردی و حوكمڕانیی كوردیدا، بۆ یه‌كه‌م جار كورد به‌و شێوه‌یه ئه‌ركی پاراستنی كه‌مینه و پێكهاته‌ی تری پێ ده‌سپێردرێت. ئێسته ئه‌و وێنه‌یه ده‌توانرێت بگوازرێته‌وه بۆ ده‌رفه‌تێك بۆ به‌ده‌ستهێنانی زیاتری پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی.
له ئه‌گه‌ری فشارخستنه سه‌ر هه‌رێم و سزادانی له‌لایه‌ن وڵاتانی درواسێ، بوونی زیاتر له یه‌ك ملیۆن ئاواره كه به‌شێكی زۆریان له كه‌مینه‌كانن له نێوانیاندا مه‌سیحییه‌كان، له كوردستان ڕێگه خۆش ده‌كات بۆ دروستكردنی فشاری نێوده‌وڵه‌تی.
له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دابه‌شبوونه سیاسییه‌ی ناوخۆی كوردستان له‌باره‌ی ریفراندۆمه‌وه، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه: ئایا له خراپترین بارودۆخدا ده‌نگی (به‌ڵێ) چی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و (نه‌خێر) چی ده‌گه‌یه‌نێت؟
به‌ڕاستی ئێمه ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ "پرسی كورد"، واتا بنه‌مای بڕیاره‌كان ده‌بێت مێژوو و پرسی كورد بێت، ئێسته ته‌واوی بیركردنه‌وه‌كان كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ریی ململانێ حزبییه‌كانه‌وه له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك كه مێژووه‌كه‌ی ته‌نیا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی ٢٠١٣. گفتوگۆكان له‌سه‌ر دوو پرس كورت كراونه‌ته‌وه: پرسی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مان، هه‌روه‌ها پرسی مووچه و خزمه‌تگوزاری. به‌ڕاستی ئه‌و دوو پرسه له ساڵی ٢٠١٣ بوونی نه‌بوو، بۆیه ده‌بێت چوارچێوه‌ی گفتوگۆكان فراوانتر بكرێت، به‌ئاگایی له ڕه‌هه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی و مێژوویییه‌وه. ده‌نگی "به‌ڵێ" پرسی كورد ده‌باته پێشه‌وه و به هه‌نگاوێكی شه‌رعی و پراكتیكی به‌ره‌و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ داده‌نرێت، به‌ڵام له نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌كی نیشتمانی گه‌لی كوردستان ڕووبه‌ڕووی نادڵنیایییهكی زۆر ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر ئێمه به‌و هه‌لومه‌رجه‌ی ئێسته به‌ره‌و ریفراندۆم بڕۆین، ده‌نگی "به‌ڵێ" ده‌باته‌وه، به‌ڵام كێشه ناوخۆیییهكانمان زۆر قووڵتر ده‌كه‌ینه‌وه، نه‌ك ئه‌و پرسه نابێته مایه‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌ڵكو ده‌بێته خراپتركردن و به دامهزراوهییكردنیان، له حاڵه‌تی سه‌رنه‌كه‌وتنی ده‌نگی "به‌ڵێ" له سلێمانی.
به نموونه، ڕێگه خۆش ده‌كات بۆ به‌شێك داوای پاپه‌ندنه‌بوون به بڕیاری زۆرینه بكه‌ن، وه‌ك له سكۆتله‌ندا ڕووی دا، سكۆتله‌ندا ده‌نگی دا بۆ مانه‌وه له یه‌كێتیی ئه‌وروپا، به‌ڵام زۆرینه له‌گه‌ڵ ده‌رچوون بوون له یه‌كێتیی ئه‌وروپا، بۆیه له سكۆتله‌ندا ده‌نگێك هه‌یه داوای پاپه‌ند نه‌بوون به بڕیاری زۆرینه ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌وه له وڵاتێكی دیموكراسی وه‌ك به‌ڕیتانیا ڕوو بدات، بێگومان ده‌بێت به رژدی بیری لێ بكه‌ینه‌وه. له به‌رامبه‌ردا ده‌نگی "نه‌خێر" گورزێكی گه‌وره له پرۆسه‌ی به‌ده‌وڵه‌تبوون ده‌دات، لایه‌نه ناوخۆیییه‌كان له شه‌ڕی ناوخۆ نزیك ده‌كاته‌وه، پرسی كورد زۆر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه دواوه، چونكه ئه‌وه هه‌ڵبژاردنێكی ئاسایی نییه، هه‌ر چوار ساڵ جارێك ئه‌نجام بدرێت، ڕه‌نگه بۆ تاهه‌تایه دووباره نه‌بێته‌وه، وا ده‌كات هه‌رێم له به‌رامبه‌ر به‌غدا زۆر لاواز بێت و زیانێكی گه‌وره ده‌بێت له‌سه‌ر پرسی كورد له پارچه‌كانی تر. پێشنیازی ئه‌وه ده‌كه‌م، بۆ پاراستنی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه، ئه‌و قه‌واره‌یه، ئه‌و پرسه، پارتی و گۆڕان باوه‌ڕ به‌وه بكه‌ن كه بێ یه‌كتر ناتوانن به‌رده‌وام بن، به یه‌كه‌وه قه‌واره‌كه به‌هێز ده‌بێت، بێ یه‌كتر هه‌ردووكیان لاواز ده‌بن و كه‌یسه‌كه‌ش ده‌دۆڕێنین.