بەڕێوەبەری كارەبا و ئاوی هەولێر بانگێشتی ئەنجوومەن پارێزگا دەكرێن

:: AM:10:47:23/07/2017 ‌

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، ئەم هەفتەیە دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و بانگێشتی هەریەك لە بەڕێوەبەری كارەبای هەولێر و بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەم 23ـی تەمووز، مەریوان پیرباڵ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕۆژی سێشەم كۆبوونەوەی ژمارە 49ـی ئاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەڕێوە دەچێت، بەرنامەی كۆبوونەوەكەش لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگر و سكرتێری ئەنجوومەن ئەمڕۆ دیاری كراوە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، لە بەشێكی دانیشتنەكە ڕاپۆرتی لیژنەی شارەوانی لەبارەی زیادكردنی سێ‌ بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی و بانگێشتكردنی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و ئەندازیارانی شارەوانی دەبێت.

پیرباڵ گوتی، لە كۆبوونەوەكەدا بانگێشتی بەڕێوەبەری كارەبای هەولێر و بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر دەكرێت بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا، دانیشتنەكەش ڕۆژی سێشەم 25ـی تەمووز بەڕێوە دەچێت.

لە دانیشتنی هەفتەی ڕابردووی ئەنجوومەن بڕیاری گۆڕینی بەڕێوەبەری شارەدێی دارەشەكراو بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەدێكە دەرچوو.

لە ئێستەدا لە هەولێر كێشەی كەمیی ئاو و كارەبا هەیە، بانگێشتكردنی ئەم دوو بەڕێوەبەرە لە چوارچێوەی ڕوونكردنەوە دەبێت بۆ كەمی ئەم دوو پێداویستییە سەرەكییەی هاووڵاتییان.





وشە - رامیار جەواد