شاندێکی کوردستان سەردانی تاران دەکات

:: AM:11:47:23/07/2017 ‌

دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتیی حزبی زەحمەتكێشان ئاشكرای كرد، دوای چاكبوونەوەی دۆخی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان، شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی ئێران دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەم 23ی تەمووز، سەعد خالید ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئێران بەفەرمی دژایەتی خۆی بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیاندووە، بەڵام دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی هەرێمی كوردستان شاندێكی کوردستان سەردانی ئەو وڵاتە دەكات بۆ تێگەیاندنیان لەسەر پرسی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان.

ئەندامەكەی سەرۆكایەتیی زەحمەتكێشان دەڵێت، لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆ لەسەر پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان كرا و پێویستە هەندێك لە حزبەكان لەسەر داوای خۆیان بێنە خوارێ‌ بۆ ئەوەی بگەین بە ڕێككەوتنێك.

"ئەگەر كەسانێك دژی ڕیفراندۆمیش كار بكەن، بە رێكخستنەوەی ناوخۆ دەتوانین ئەو باڵانسە ڕاست بكەینەوە و خۆمان بۆ پرۆسە گرنگەكە ئامادە بكەین" سەعد خالید وای گوت.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد، لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان كورد و خەڵكی بیانی پشتگیری ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكەن و بە مافێكی ئاسایی و یاسایی كوردی دەزانن .



وشە - رامیار جەواد