نووسەرانی رۆژئاوای كوردستان سەردانی بارزانی دەكەن

:: PM:07:59:09/10/2016 ‌

یەكێتیی نووسەرانی كوردستان – سووریا نیگەرانی خۆیان لەمەڕ گۆڕینی دیموگرافی و گوشارە سیاسییەكان و دۆخی رۆژئاوای كوردستان بۆ سەرۆكی هەرێم باس دەكەن و رای دەگەیەنن كە ئەوان بە ئومێدەوە دەڕواننە هەوڵەكانی سەربەخۆیی و پێشوەچوونی خواستەكانی گەلی كوردستان.

ئەمڕۆ یەكشەم مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازی لە شاندێكی یەكێتیی نووسەرانی كوردستان- سووریا كرد و دۆخی رۆژئاوای كوردستان و سووریا و ناوچەكەیان تاوتوێ كرد.

شاندی یەكێتیی نووسەرانی كوردستان- سووریا سوپاسی بارزانیان كرد بۆ پشتگیریكردن و یارمەتیدانی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە سووریا و كورتەیەكیان لە ئەرك و چالاكییەكانیان لە بواری ڕۆشنبیری و خزمەتكردنی پڕۆژەی نەتەوایەتی لە كوردستانی سووریا باس كرد.

ئەندامانی شاندەكە رووناكیان خستەسەر كێشە و گرفتەكانی هاووڵاتیان لە كوردستانی سووریا و نیگەرانیی خۆیان لەمەڕ گۆڕینی دیموگرافی و گوشارە سیاسییەكان و دۆخی خەڵك نیشان دا و ڕایان گەیاند كە گەلەكەمان بە ئومێدەوە دەڕوانیتە هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بۆ سەربەخۆیی و پێشڤەبردنی داواكانی گەلی كوردستان.

سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە چالاكی و كارەكانی یەكێتیی نووسەرانی كوردستان – سووریا كرد و ئاماژەی بە دۆخی سیاسی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان و سووریا دا و سوپاسی هاووڵاتیانی كوردستانی سووریای كرد كە لە بەرامبەر هەڕەشەكان خۆڕاگر بوونە و رای گەیاند كە هەروەك چۆن پێشتر پشتیوانیان بووە،  ئێستە و داهاتووش بە هەموو توانایەك پاڵپشتی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە سووریا دەبێ.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی تێبینی و بۆچوونەكانی خۆی لەبارەی ئاییندەی سووریا و دۆخی سیاسیی ناوچەكە و هەنگاوەكان بەرەو سەربەخۆیی بۆ شاندی مێوان خستەڕوو.

وشە/مەحموود



وشە - باز ئه‌حمه‌د