43 ملیار دۆلاری تێچووە
پێشكەوتووترین كەشتیی جەنگی ئەمەریكا دەستبەكار بوو

:: PM:02:06:23/07/2017 ‌


ئەمەریكا كەشتییەكی جەنگی بە بەهای 13 ملیار دۆلار دروست كردووە كە دیزاین و داڕشتنی سیستەمەكەی زیاتر لە 30 ملیار دۆلاری تێچووە، ئەو كەشتییە بەناوی سەرۆكێكی پێشووی ئەمەریكا كراوە و دۆناڵد ترەمپ چركەكان دەژمێرێت بۆ ئەوەی ئەو كەشتییە بخاتە خزمەت هێزی دەریایی وڵاتەكەی.

ئەمڕۆ یەكشەم 23ی تەمووز، ئاژانسی هەواڵی دویچەوێلەی ئەڵمانی لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە، ئەمەریكا پێشكەوتووترین و گرانترین كەشتی جەنگی بەناوی "یو ئێس ئێس جیڕاڵد فۆرد" خستە خزمەت هێزی دەریایی سوپای ئەمەریكا.

دۆینی شەموو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە فەرمی ئەو كەشتییەی خستە خزمەت هێزی دەریایی ئەمەریكا، ترەمپ چەندان جار ئەوەی راگەیاندووە كە دەیەوێ هێزی سەربازی ئەمەریكا لەڕووی چەكوچۆڵەوە تەسەل بكات و بۆ دەستبەكاربوونی خێرای كەشتیی جەنگی یو ئێس ئیس جیڕاڵ فۆرد بەتاڵوكە و دەڵێ، كەشتییە جەنگییەكانی ئێمە لەدوای شەڕی یەكەمی جیهانییەوە هێندەی ئێستە بچووك و لاواز نەبووە، بەتایبەتی لەو كاتە ئەستەم و دژوارەی ئێستەدا.

وەك ترەمپ ئاماژەی پێ دەدات، لەگەڵ بەرپرسانی پیشەسازی و ئەندازیارانی هێزی دەریایی گفتوگۆی كردووە و گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی زیاتر لە پێشوو بودجە بۆ هێزی دەریایی وڵاتەكەی خەرج بكات.

جیا لەم كەشتییە ترەمپ داوای كردووە 12یەمین كەشتیی فڕۆكەهەڵگریش بخرێتە بەرنامەوە بۆ ئەوەی رادەستی هێزی دەریایی بكرێت، ئەو كەشتییە ناوی جۆن ئێف كەنەدییە و بڕیارە بەم زووانە تەواو بێت.

هەرچەند لە ئێستەدا سەرۆكی ئەمەریكا ناتوانێت سوود لە كەشتیی یو ئێس ئێس جیڕاڵد فۆرد وەربگرێت، لەبەر ئەوەی بەپێی ئەو بەو بەرنامەیەی بۆی دانراوە، ئەو كەشتییە پێشكەوتووە دەبێ لە ساڵی 2020 یەكەم كردەوەگەلی ئەنجام بدات.

تایبەتمەندییەكانی ئەو کەشتییە

پسپۆڕانی هێزی دەریایی ئەمەریكا زیاتر لە 10 ساڵ و 30 ملیار دۆلاریان بۆ دروستكردنی دیزاینی كەشتیی فڕۆكەهەڵگری یو ئێس ئێس جیڕاڵد فۆرد، سەرئەنجام ساڵی 2009 دروستكردنی ئەو كەشتییە زەبەلاحە بە دابینكردنی حەوت ملیار دۆلار وەك بودجەی سەرەتایی دەست بە دروستكردنی كرا و دوای ئەوەی بە تەواوەتی دروست كرا بڕی 13 ملیار دۆلاری تێچوو.

ئەو كەشتییە توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 90 فڕۆكەی جەنگی هەیە و جێگرەوەی كەشتیی فڕۆكەهەڵگری "یو ئێس ئێس نیمیتز"ە، قەبارەی ئەو كەشتییە 300 بە 40 مەترە و هەمان قەبارەی كەشتی نیمیتزی هەیە، بەڵام لەڕووی تەكنەلۆجیاوە زۆر پێشكەوتووترە.

لە سیستەمە پێشكەوتووەكانی ئەو كەشتییە، دەشێ ئاماژە بە سیستەمی ئەلیترۆ موگناتیسی بۆ هەڵدانی فڕۆكە بكریچت كە بەر لە دروستكردنی ئەو كەشتییە سیستەمی هایدرۆلیك بۆ هەڵفڕاندنی فڕۆكە بەكار دەبرا، بەڵام ئەو كەشتییە نوێیە بەهۆی سیستەمی موگناتیسییەوە دەتوانێ لە 30 چركەدا یەك فڕۆكەی جەنگی بهاوێژێتە ئاسمانەوە.

لەو كەشتییە پێشكەوتووەدا سوود لە سیستەمی ریاكتۆی ئەتۆمی وەرگیراوە بۆ دابینكردنی وزە و چوار دەوری كەشتییەكەش بە ئیستیلز داپۆشراوە و ئەوەیش وای كردووە هێزی وەرگرتنی رادارەكانی چەند ئەوەندە خێراتر بێت.

ئەمەریكا لەدوای شەڕی دووەمی جیهانییەوە گرنگییەكی ئەوتۆی بە هێزی دەریایی خۆی نەداوە و پێشتر كەشتییەكی جەنگی زەبەلاحی بە پێشكەوتووترین تەكنەلۆجیای سەردەم دروست كردبوو كە لە تشرینی دووەمی ساڵی 2016 دا لە پەنەما لەكار كەوت.

كەشتی زامواڵت بەهێزترین كەشتی جەنگی لە جیهاندایە و ساڵی رابردوو خرایە خزمەت هێزی دەریایی ئەو وڵاتە، بەڵام چەند هەفتەیەك دوای دەستبەكاربوونی بەهۆی كێشەی تەكنیكییەوە لە كەناڵی پەنەما لەكار كەوت و هێزی دەریایی ئەمەریكا ناچار بوو ئەو كەشتییە زەبەلاحە یەدەگ بكات و بەرەو كەنارەكانی پەنەما رایبكێشێت.

كەشتی زامواڵت لە سەرەتای درووستبوونیدا بەهۆی نرخەكەیەوە هەموو دنیای هێنایە دەنگ، سەرەتا وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا داوای دروستكردنی 32 كەشتی كردبوو، بەڵام بەهۆی تێچووە قورسەكەیەوە پنتاگۆن ناچار بوو داواكای بگەڕێنێتەوە و تەنیا بە سێ كەشتی رازی بێت.

نرخی یەك كەشتی زامواڵت چوار ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لەسەر ئەمەریكا كەوتووە، ئەو كەشتییە لەڕووی تەكنەلۆجیاوە بەڕادەیەك پێشكەوتووە كە دەتوانێت شوێن ژێردەریایییەكان بكەوێت و مووشەكی كیشوەرپێو و تۆپ لە یەك كاتدا دەهاوێژێت و لەبری بەكارهێنانی بارووت و مادەی كیمیایی، بۆ هاویشتنیان سوود لە سیستەمی ئەلیكترۆ موگناتیس وەردەگیرێت.

لەكار كەوتنی ئەو كەشتییە لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكادا بوو، ئەوە هەلێكی باش بوو بۆ ئەوەی ترەمپ سەرنجی سەربازانی وڵاتەكەی بۆ لای خۆی رابكێشێت و بە چەندان جار لە قسەكانیدا و چاوپێكەوتنەكانی بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن بەڵێنی بەهێزكردنەوە و ژیاندنەوەی هێزی دەریایی وڵاتەكەی داوە.

لە ئێستەدا سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هەموو هێز و دەسەڵاتی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی رێككەوتنی دەستبەكاربوونی كەشتیی یو ئێس ئێس جیڕاڵد فۆرد لە 2020ەوە دابەزێنێت و كاتەكەی پێش بخات.

سەرچاوە/دویچەوێلە









وشە - هیدایه‌ت جان