دوای چوونی شاندێكی یەكێتی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران و ئەنجامدانی چەند كۆبوونەوەیەك، لە ئێستەدا ئەم شاندەی یەكێتی خەریكی گەیاندنی ناوەڕۆكی پەیامێكی كۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ حزبە سیاسییەكانی كوردستان.
ئەمڕۆ یەكشەم 23ـی تەمووز، هیوا سەید سەلیم ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، شاندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی باسی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی كرد كە لە وڵاتی ئێران ئەنجامی داوە.
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی زەحمەتكێشان دەڵێت، شاندەكەی یەكێتی پێیان ڕاگەیاندین لە ئێران چوار كۆبوونەوەیان ئەنجام داوە، لە سەرجەم كۆبوونەوەكان پێیان ڕاگەیاندووین ئێران دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە لە هەرێمی كوردستان.
هیوا زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ بە گفتوگۆ گەیشتین بەوەی دەکرێ ئەم پایەمەی ئێران كاریگەری هێندە نەبێت، ئەوەش بە خۆ ڕێكخستنەوەی سیاسیی ناو هەرێمی كوردستان و لێكتر نزیكبوونەوەی بیر و بۆچوونەكان.
لە دوای گەڕانەوەی شاندەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە تاران، شاندێكی ئەو حزبە سەردانەكانی بۆ لای حزب و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دەست پێ كردووە بۆ گەیاندنی پەیامی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی ریفراندۆمی باشووری كوردستان. ئەمڕۆش لە مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی پێشوازی لە كۆمەڵی ئیسلامی كرد.
کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای دروستبوونی کیانێکی ئۆتۆنۆم بۆ باشووری کوردستان دژبەرترین وڵاتی ناوچە بوو لە ساڵی 1991، بەڵام دوای ئەوەی ئۆتۆنۆمی بوو بە دیفاکتۆ یەکەم وڵات بوو پێوەندی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا درووست کرد.