ژنان داوای بەشداری لە ئەنجوومەنی ڕیفراندۆم دەكەن

:: PM:04:19:23/07/2017 ‌

ژنانی هەرێمی كوردستان داوایەكیان بۆ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ناردووە و داوای بەشداریكردن لە ئەنجوومەنی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەكەن.

ئەمڕۆ یەكشەم 23ـی تەمووز، پەخشان زەنگەنە ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان لە كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی خانمان دامەزراوەیەكی حكوومییە و یەكێك لە ئیشەكانمان ئەوەیە ژنان بەشدار بن لە بڕیاری سیاسیدا، بۆیە نووسراوێكمان ئاراستەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كردووە لە بارەی ئەنجوومەنی ریفراندۆمەوە.

ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان لە كوردستان دەڵێت، لە نووسراوەكەدا داوامان كردووە كە ژنان بەشدار بن لە ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم، ئەگەر نوێنەری حزبەكانیش هەموو پیاو بن، چەند ژنێكی تر دابنرێت بۆ ئەو ئەنجوومەنە كە سەدان ئافرەتی بەتوانایان هەیە.

زەنگەنە زیاتر گوتی، لە ئێستەدا چاوەڕوانی وەڵامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە بەشداری بۆ ژنان بڕەخسێنێت.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد، لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان كورد و خەڵكی بیانی پشتگیری ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكەن و بە مافێكی ئاسایی و یاسایی كوردی دەزانن .



وشە - رامیار جەواد