حەشدی شەعبی بۆچی لەسەر بەشداریكردن لە ئازادكردنەوەی تەلەعفەر سوورە؟

:: PM:05:51:23/07/2017 ‌

میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەوڵ دەدەن بۆ بینینی رۆڵی سەرەكی لەو جەنگە لابەلایانەی لەدژی داعش لە عێراقدا ماونەتەوە، بەتایبەتی جەنگی ئازادكردنەوەی تەلەعفەر، كە ئێستە گرنگی بەو جەنگە دەدرێت بەتایبەتی لە دوای ئەوەی داعش لە 12ی ئەم مانگەدات رای گەیاند كە تەلەعفەر بووەتە ویلایەتێكی سەربەخۆ و ویلایەتی مووسڵی هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام حەشدی شەعبی بۆچی سوورە لە بەشداریكردن لەو جەنگە و ئەوانیتریش؟.  

هاندەرەكانی جەنگەكە:

*دوا وێستگە و حەشارگەی پاشماوەكانی داعشە لە رۆژئاوای عێراق لە دوای وەدەرنانی لە مووسڵ، بۆیە ئازادكردنەوەی شارۆكەكە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە لە مێشكی هەمووانی دەچەسپێنێت كە رۆڵی باڵای هەبووە لە جەنگ لەدژی داعش، ئەوەش یاریدەرە بۆ دەستكەوتی تەناهی و سیاسی لە عێراقی دوای داعش. 

*تەلەعفەر خاوەن زۆرینەیەكی توركمانی شیعەیە و دەشكەوێتە ناوەڕاستی رێگەی نێوان مووسڵ و سووریا بەدرێژایی زیاتر لە 160 كیلۆمەتر، هەروەها دەكەوێتە دووری تەنیا 65 كیلۆمەتر لە سەنتەری مووسڵ.  

*هەوڵەكانی حەشدی شەعبی و لەپشتەوەش ئێران بۆ پێشاندانی ئەو هێزانە وەك هێزێكی دژ بەتیرۆر، بەتایبەتی كاتێك سەرانی حەشدی شەعبی درك بەوە دەكەن كە جەنگی مووسڵ جەنگی گەورەی دژ بەداعش بوو لە عێراق و دەركەوتنی حەشدی شەعبیش لەدوای دەركەوتنی داعش لە عێراق هات، بۆیە لەناوبردنی داعش بەبێ بەشدارییەكی بەهێزی حەشدی شەعبی پاساوی مانەوەیان لە داهاتوو ناهێڵێت.

*كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچە جێبەجێبوونی پلانەكانی داعش ئاسانتر دەكات بۆ چوونە ناو خاكی سووریا و بەشداریكردن لە جەنگ لەوێ لەپاڵ رژێمی سووریا لەسایەی ئامانجی راگەیەندراو كە ئەویش لەناوبردن و راوەدوونانی داعشە، پاساوەكانیشی بۆ ئەو كارە ئەمانەن:

یەك/ بوونی تێكهەڵكێشی لە نێوان هەردوو گۆڕەپانی جەنگ لە عێراق و سووریا و بوونی سنوورێكی درێژی هاوبەش لە نێوانیاندا و ئەوەش بەدیدی ئەوان پێویستی بە جموجۆڵ هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، ئەوەش بە هاوئاهەنگی هەردوو حكوومەتی عێراق و سووریا. 

دووەم/ بڕینی هێڵی پاڵپشتیكردنی داعش لە نێوان عێراق و سووریا لە رێگەی وشككردنی سەرچاوەی دارایی و مرۆیی كە لە خاكی سووریاوە دەگاتە عێراق، ئەوەش پاساوی "لیوای ئەنسارولمەرجەعییە" بوو كە داوایان لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران كرد كە رێگەیان بدات بۆ چوونە ناو خاكی سووریا بۆ راوەدوونانی چەكدارانی داعش.

ئامانجەكانی ئێران:

ئەو پلانەی حەشدی شەعبی بۆ كۆنترۆڵكردنی شارۆكەی تەلەعفەر ئەگەر جێبەجێ بێت، چەند ئامانجێكی ئێران دێنێتە دی لەوانە: 

*دابینكردنی رێگەی نێوان ئێران و سووریا لە رێگەی عێراقەوە و مسۆگەری بوونی رێگەیەكی زەوینی كە ئێران و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە بەیەكەوە ببەستێتەوە، كە شاری تەلەعفەر بە سەنتەرێك بۆ تێپەڕبوونی كاڵا و كەسەكان لە ئێرانەوە بەرەو سووریا و حزبوڵای لبنانی دادەنرێت، بەتایبەتی تەلەعفەر تەناهیترین ناوچەیە بۆ ئێران، چونكە زۆرینەی دانیشتوانی توركمانی شیعەن.

*هەوڵەكانی ئێران بۆ دابینكردنی رێگەیەك بەرەو دەریای ناوەڕاست لە رێگەی كەناراوەكانی سووریا، لە تایبەتمەندییەكانی ئەو كارەش لە داهاتوودا كە دەبێتە رێڕەوێك بۆ پڕۆژەكانی ئابووری داهاتووی ئێران، وەك هەناردنی غاز بۆ ئەوروپا. 

*بەكارهێنانی ئەو بوونەی ئێران بۆ پاڵەپەستۆخستنە سەر توركیا لە رێگەی دەركردنی توركمانی سوننە لە شارۆكەكە و هێشتنەوەی توركمانی شیعە و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی تەلەعفەر بۆ باوەشی شیعە لە سایەی بوونی نیازێكی شاراوە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی لە شارۆكەكەدا، بێجگە لە هەوڵدان بۆ رێگرتن لە باڵادەستی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پەكخستنی پڕۆژە ئابوورییەكانی نێوان هەرێم و توركیا.

*ترسی ئێران لە كۆنترۆڵكردنی ناوچەكە لەلایەن هێزەكانی نەیار بۆی، بەتایبەتی بۆ گۆڕەپانی سووریا بەشێوەیەك پارسەنگی هێز بۆ بەرژەوەندی حكوومەتی سووریا نەبێت.

پێنجەم شێوەی رۆڵی حەشدی شەعبی:

ئەو هەوڵانەی ئێستەی حەشدی شەعبی بۆ ئازادكردنەوەی شارۆكەی تەلەعفەر ئەگەر روو بدات، پێنجەم شێوەی رۆڵی حەشدی شەعبی دەبێت لە جەنگ لەدژی داعش و ئەوەش لەوەی خوارەوە بەدیار دەكەوێت: 

شێوەی یەكەم/ لە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی بێجی و تكریت، كە بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە حەشدی شەعبی بەسترا و چەندان پێشێلكاری و تۆڵەسەندنەوەی تایفی فرەوانی لەدژی پێكهاتەی سوننە بەدوای خۆیدا هێنا.

دووەم شێوە/ لە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی رومادی كە حەشدی شەعبی و راوێژكارانی سەربازی ئێران بەشداری تیادا نەكرد بەهۆی پابەندی حكوومەتی عێراق بە مەرجەكانی ئەمەریكا بۆ پاڵپشتی ئاسمانیان بۆ كردە سەربازییەكە، بەڵكو رۆڵی سەرەكی بۆ سوپای عێراق و هۆزە سوننەكان بوو بە پاڵپشتی ئاسمانی و لۆجیستی هاوپەیمانان. 

سێیەم شێوە/ لە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی فەلووجە، رێككەوتن كرا بەوەی حەشدی شەعبی تەنیا لە ناوچەكانی دەورووبەری شارەكە بەشداری بكەن و سوپا و هۆزە سوننەكان بچنە ناو شارەكە، ئەوەش وەك چارەسەرێكی ناوەند بۆ سووربوونی حەشدی شەعبی بۆ بەشداریكردن لە ئازادكردنەوەی فەلووجەوە هات، ئەگەرچی هێزەكانی حەشدی شەعبی پابەندی رێككەوتننەكە نەبوون و بەشێكیان بەشداریان لە دووەم قۆناغی جەنگەكە كرد.  

*چوارەم شێواز/ لە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ كە تیایدا رۆڵی هێزەكانی حەشدی شەعبی زیاتر لە هێڵی پشتەوەی بەرەكانی جەنگ چڕ كرایەوە و بواری زیاتر بە سوپا و پۆلیسی فیدراڵ درا بۆ چوونە ناو سەنتەری شارەكەوە، ئەو رۆڵی سنووردارەی حەشدی شەعبی بەهۆی هەڵوێستی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەكە هات.

پێنجەم شێواز/ لە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی تەلەعفەر، كە هەوڵەكانی چوونەناو خاكی سووریا بۆ حەشدی شەعبی بەشێوەیەكی كۆمەڵ ئاسانتر دەكات، دوای ئەوەی پێشتر تەنیا چەند لایەنێكیان ئەو كارەیان كرد و پاڵپشتیان لە حكوومەتی سووریا دەكرد.

میلیشیای گەڕۆك:

ئێران لە رێگەی سووربوونی لەسەر بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە ئازادكردنەوەی تەلەعفەر و بوونی رۆڵێكی سەرەكییان تیایدا دەیەوێ رۆڵێكی سیاسی و تەناهی بۆ داهاتوو بۆ ئەوان مسۆگەر بكات، كە هەر ئەوەشە خاڵی سەرەكی نیگەرانی توركیا بەوەی رۆڵێكی سەرەكی و كاریگەرییان لە داهاتووی تەناهی و سیاسی عێراق هەبێت بەتایبەتی لە ناوچەكانی رۆژئاوا و باكوری عێراق و باڵادەستی ئێران بگەیەننە سەر سنوورەكانی ئەو وڵاتە. 

بەگشتی چوونەناوەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ ناو خاكی سووریا لە كاتی بوونی رۆڵێكی سەرەكی بۆ ئەوان لە ئازادكردنەوەی تەلەعفەردا، دەیانكاتە میلیشیاێكی سنووربڕ و ئەوەش دەبێتە هۆی پەرەسەندنی گیانی تایفیەت لە ناوچەكەدا و پارسەنگی هێز لەسەر زەوی لە سووریا بەشێوەیەكی بەرچاو بۆ بەرژەوەندی رژێمی سووریا دەگۆڕێت.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل