لێپرسینەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسێكی عێراقدا دەكرێت

:: PM:07:19:23/07/2017 ‌

ئەندامێكی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت كە لە رۆژانی داهاتوودا لێپرسینەوە لەگەڵ ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق دەكرێت و ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە چەند فایلێكی گەندەڵی كارگێڕی و دارایی و كەموكوڕی لە بەڕێوەبردنی ئەو وەزارەتەدا هەن.

عادل نووری ئەندامی كورد و سەربەخۆی پەرلەمانی عێراق لەو بارەوە ئەمڕۆ یەكشەم رای گەیاند كە پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی كۆكردنەوەی ئیمزای پێویستە بۆ لێپرسینەوەكردن لەگەڵ جەعفەری بەمنێزیكانە و ئاماژەی كرد كە لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عێراق لێپرسینەوەكە بەڕێوە دەبات.

زیاتر گوتی، چەندان فایل لە دانیشتنی لێپرسینەوە لە جەعفەری دەخرێتە روو و چەندان پرسیار لەبارەی گومانی بوونی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی و دامەزراندنی لایەنداری لە باڵوێزخانە و كونسوڵخانەكانی عێراق لە دەرەوە و سوودوەرگرتنی نایاسایی سامانی گشتی دەكرێت.

نووری بەدووری زانی كە كاریگەری سیاسی بۆ بەلاڕێدابردنی رەوتی لێپرسینەوەكە بكرێت و لبەو شێوە بەڕێوە دەچێت كە بۆی دیاری دەكرێت.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەكان لەبارەی ئەگەری لێپرسینەوەكردن لەگەڵ ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق بە گومانی گەندەڵی دارایی و كارگێڕییەوە، رەوتی ئیسڵاح كە جەعفەری سەرۆكایەتی دەكات ئەو كارەی بە كردنەئامانجی سیاسی و كەسی لەقەڵم دا.

سەرچاوە: ئەلمەعلوومە




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل