"وشە" ناوی كاندیدەكانی هەولێر بۆ خانەی راپەڕاندنی گۆڕان ئاشكرا دەكات

:: PM:08:01:23/07/2017 ‌

پێنج هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر ناوی خۆیان وەك كاندید بۆ هەڵبژاردنی خانەی راپەڕینی بزووتنەوەكە تۆمار كردووە و ئەمڕۆش پرۆسەی خۆكاندیدكردن كۆتایی هات.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە مەكۆی هەولێری بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی راگەیاند، لە سنووری هەولێر پێنج هەڵسوڕاوی گۆڕان خۆیان بۆ خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەكە كاندید كردووە.

ئاشكرای كرد، هەریەك لە كاوە موفتی بۆ سكرتێری كاروباری خەڵك، شۆڕش حاجی بۆ سكرتێری فراكسیۆنەكان، هێمن شێخانی بۆ سكرتێری باژێڕوانەكان، رێبین شەمامكی بۆ سكرتێری جڤاتی نیشتمانی و سوعاد رەزاق خۆی بۆ سكرتێڕی كاروباری خەڵك كاندید كردووە.

هەڵبژاردنەكانی رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان پاش كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دێت و ئەوەش بۆ یەكەمجارە گۆڕان هەڵبژاردن بۆ رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن دەكات، سەرەڕای ئەوەی بە پێی دەستووری ناوخۆیی بزووتنەوەكە، دەبوو هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن پێشتر بكرێت.

دەرگەی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن لە 20ی تەمووز بۆ 23ی ئەم مانگە كراوە بوو، لە سەعات 4:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ 23ی تەمووزی 2017 ماوەی خۆكاندیدكردن كۆتایی هات.

ئەو سەرچاوە بەرپرسەی بزووتنەوەی گۆڕان كە بە پێویستی نەزانی ناوەكەی بڵاو بكرێتەوە، ئاماژەیدا، "لەناو هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری هەولێر، داواكاری زۆر هەبوو بۆ ئەوەی كاوە موفتی خۆی بۆ پۆستی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كاندید بكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی كاوە موفتی پشتیوانی لە عومەری سەید عەلی دەكات، داواكاری هەڵسوڕاوانی گۆڕانی لە هەولێر رەت كردووەتەوە و خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید نەكردووە".

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" نزیكەی 20 كەس خۆیان بۆ پۆستەكانی خانەی راپەڕاندن لە بزووتنەوەی گۆڕان كاندید كردووە، بەڵام ئەوە یەكەمجارە زانیاری لەسەر ناوی كاندیدەكانی هەولێر بڵاو دەبێتەوە.

پاش پاشەكشەكردنی قادری حاجی عەلی لە خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، عومەری سەید عەلی وەك تاكە كاندید بۆ پۆستی رێكخەری گشتی دەمێنێتەوە.

خانەی راپەڕاندن لە پێكهاتەی بزووتنەوەی گۆڕان، لە پاش رێكخەری گشتییەوە دەست پێ دەكات و چەند سكرتێرێك لەخۆ دەگرێت، لەناویاندا، سكرتێری كاروباری جڤاتی نیشتمانی، سكرتێری كاروباری خەڵك، سكرتێری كاروباری باژێڕوانەكان، سكرتێری فراكسیۆنەكان دەگرێتەوە.













وشە - تایبه‌ت