كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی زانستی لە گەرمیان دەستی پێ كرد

:: PM:09:31:23/07/2017 ‌

بە بەشداری 25 زانكۆی كوردستان و وڵاتانی دنیا لە شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، كۆنفرانسێكی زانستی دەستی پێ كرد و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

یادگار عەلی گوتەبێژی فەرمی كۆنفرانسەكە بە "وشە"ی راگەیاند، بە درووشمی "بەرەو توێژینەوەی زانستی لە پێناو ژیانێكی باشتر"، ئەمڕۆ یەكشەم كۆلیژی پەروەردەی كەلار سەر بە زانكۆی گەرمیان، پێنجەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستی خۆی دەست پێ كرد و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێ.

زیاتر گوتی، لەم كۆنفرانسەدا 25 زانكۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و ئێران و توركیا ومالیزیا و لاتانی تر بەشدارن و 128 توێژەر بە 69 توێژینەوەی تایبەت بە زانستی كیمیا و بایۆلۆجی و ماتماتیك و فیزیا بەشداریان كردووە.

گوتەبێژی كۆنفرانسەكە راشی گەیاند كە گرنگی ئەو توێژینەوە زانستییانە لەوەدایە كە سەرباری دۆزینەوەی چارەسەری زانستی بۆ هەندێك گرفتی ژینگەیی و بایۆلۆجی، هاوكات توێژەرانی كوردستان و ولاتانی تر سوود لە ئەزموونی یەكتر وەردەگرن.
 
عەبدلموتەڵیب رەفعەت وەك یەكێك لە توێژەرانی كۆنفرانسەكە بۆ"وشە" ئاماژەی دا  كە دەتوانین خزمەت بەو ژینگە و ئاوهەوای ناوچەكەمان بكەین لە رێگەی ئەو توێژینەوانەوە كە پێشكەشی دەكەین.

زیاتر گوتی، توێژینەوەیەكی تایبەتمان لەسەر گرنگی پاراستنی ئاوی ژێر زەوی ئامادە كردووە، لەكاتێكدا كە سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێمی كوردستان مەترسیی گرتنەوەیان كەوتووەتە سەر لەلایەن ولاتانی دراوسێوە.

گەرمیان/ سەبری هۆرینی 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل