پەرلەمانتارێكی یەكێتی: پێكەوەژیان لە عێراق درۆیەكی گەورەیە

:: PM:10:03:23/07/2017 ‌

پەڕلەمانتارێكی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان ڕای دەگەیەنێ كە ڕیفراندۆم یەكێكە لە میكانیزمەكانی دیموكراسی بەرەو سەربەخۆیی و ئاماژە دەكات كە عێراق دەوڵەتێكی مەزهەبییە و هیچ هاوكاری كوردستان ناكات، بۆیە پێكەوەژیان لە عێراق درۆیەكی گەورەیە.

سالار مەحموود ئەمڕۆ یەكشەم بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ڕیفراندۆم یەكێكە لە میكانیزمەكانی دیموكراسی بەرەو سەربەخۆیی و ئاماژەی كرد كە عێراق دەوڵەتێكی مەزهەبییە و هیچ هاوكاری كوردستان ناكات و دووپاتی كردەوە كە مەزهەبی شیعە هەموو پێشێلكارییەكی مافی مرۆڤ بەرامبەر سوننە دەكات لە خاك و خەڵكەكەشی، بۆیە پێكەوە ژیان لە عێراق درۆیەكی گەورەیە.

زیاتر گوتی، كورد پێویستی بە جیابوونەوەیە لە دەوڵەتی عێراق و بنەمای سەركەوتن لە جیابوونەوەش یەكڕیزی ماڵی كورد و فەرمانڕەوایەتییەكی شەفافیشە و پێویستە گەل ئیرادە بە حەقیقی بەدی بكات لەم پرۆسەیەدا، هەروەها چوارچێوەیەكی دیموكراتی  بدۆزرێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان تا دەگەین بە دەوڵەتی كوردی.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد، لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان كورد و خەڵكی بیانی پشتگیری ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكەن و بە مافێكی ئاسایی و یاسایی كوردی دەزانن.

بێرون هەورامی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل