بەرگری عێراق راستی قسەكانی وەزیرەكەی لەدژی كوردستان رەت دەكاتەوە

:: PM:11:14:23/07/2017 ‌

دوای ئەوەی میدیاكانی ئێران لە زاری عیرفان حەیالی وەزیری بەرگری عێراق لێدوانێكیان گواستەوە بەوەی سوپای عێراق رووبەرووی پڕۆژەكانی دابەشبوونی عێراق دەبێتەوە وەك ئاماژەیەك بۆ ریفراندۆمی كوردستان، وەزارەتی بەرگری عێراق راستی قسەكانی وەزیرەكەی لە دژی كوردستان رەت دەكاتەوە.  

ماوەی دوو رۆژە عیرفان حەیالی وەزیری بەرگری عێراق لە ئێرانە بە مەبەستی تاوتوێكردنی چەند پرسێكی پێوەست بە بواری سەربازی و تەناهی لەگەڵ ئێران و ئیمزاكردنی یاداشتێكی لێكگەیشتن بۆ هاریكاری سەربازیدا، چاوەڕوان دەكرێت ئێران بەتایبەتی جەنگی ئازادكردنەوەی تەلەعفەر و پرسی ریفراندۆمی كوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق تاوتوێ بكات.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم وەزارەتی بەرگری عێراق لە بەیاننامەیەكدا راستی ئەو لێدوانەیان رەت كردەوە كە لەلایەن چەند ماڵپەڕێكی ئەلیكترۆنی و لاپەڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە لە زاری وەزیری بەرگری عێراق بڵاو كراوەتەوە لەبارەی دەستوەردانی سوپای عێراق بۆ رێگرتن لە ریفراندۆم و ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتی كوردی.

بە پێی بەیاننامەكە وەزارەتی بەرگری عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو هەواڵەی باس كراوە راست نییە و وەزیری بەرگری عێراق لێدوانی لەو جۆرەی نەداوە و ئاماژەی كرد كە وەزارەتەكە مافی خۆیەتی كە لە رووی یاساییەوە سكاڵا لەسەر ئەو لایەنانە تۆمار بكات كە هەواڵی بەدرۆ بەناوی وەزیری و فەرماندە سەربازییەكانەوە بڵاو دەكەنەوە.

لەلایەكی تر دوای بڵاوبوونەوەی ئەو لێدوانەی حەیالی، سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە رای گەیاند كە زمانی هەڕەشەكردن بەسەر چووە و باوی نەماوە، ئاماژەی كرد كە سیاسەتی هەرێمی كوردستان روون و ئاشكرایە كە بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە بە گفتوگۆ و ئاشتییانە كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكرێن.

زیاتر گوتی، هەڕەشەكردن باش نییە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان لە ئەگەری هەر هەڕەشەیەك لە هەر شوێنێكەوە بێت، بەرگری لە خۆمان دەكەین و روونی كردەوە كە لەگەڵ سوپای عێراق لەسەر ئاستی باڵا پێوەندییەكی باشمان هەیە و ئەو پێوەندییانە بەردەوامە و هەڕەشەكردنیش رەت دەكەینەوە.

ئەمڕۆ میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە كە عیرفان حەیالی وەزیری بەرگریی عێراق لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی شەمخانی نوێنەری رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئاسایشی نیشتمانی رای گەیاندووە كە سوپای عێراق رێگە بۆ دروستكردنی هیچ ئاژاوەیەكی نوێ و رێوشوێنێكی نایاسایی نادات بەئامانجی دابەشكردنی عێراق.

سەرچاوە: شەفەق نیوز



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل