ڕسووماتی خانوو بووەتە %3

:: AM:09:46:24/07/2017 ‌

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان روونكردنەوە لەبارەی بڕی زیادكردنی رسوومات لەسەر ئەو هاووڵاتییانە دەدات كە كڕین و فرۆشتن بەخانووەكانیانەوە دەكەن. بەرپرسێكی ئەو وەزارەتەش دووپات دەكاتەوە بڕی وەرگرتنی رسووماتی تاپۆكردنی خانوو گۆڕانكاری تێدا كراوە.

ئەمڕۆ دووشەم 24ـی تەمووز، عەلی عەبدوڕەحمان جێگری بەڕێوەبەری گشتی باج لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندووە، پێشتر رسووماتی تایبەت بەتاپۆكردنی خانوو تا ساڵی 2013 بەبڕی 1% لە هاووڵاتییان وەردەگیرا بەتایبەت كاتێك مامەڵەی كڕین و فرۆشتن یان گواستنەوەی خاوەندارێتییان بە خانوو و مووڵەكەكانیانەوە دەكرد، بەڵام لە ئێستەدا رسووماتی تاپۆ كراوەتە ٣% و زیاد كراوە.

جێگری بەرێوەبەری گشتیی باج لەوەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێت، بڕیاری زیادكردنی رسووماتی تاپۆ نەدراوە، بەڵكو پێشتر 3% وەك رسوومات وەردەگیرا، ئەو بڕە لەسەر هاووڵاتییان كەم كرایەوە و كرایە 1%، لە دوای سالێ 2013 وەرگرتنی پارەی رسووماتیش دووبارە كرایەوە بەڕێژەی 3% لە بەرامبەر تاپۆكردنی موڵكدا.

ئاشكرای كرد كە یەكەی نیشتەجێبوونی وەك شووقەش ئەگەر مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارێتی بۆ بكرێت، بەهەمان شێوە بڕی 3% وەك رسووماتی تاپۆ لێ وەردەگرێت و بڕیارەكە ئەوانیش دەگرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد