ڤالڤێردی 3 یاریزانی بەرشەلۆنەی دەركردووە

:: AM:11:37:24/07/2017 ‌

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە، ئێرنیستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بڕیاری دەكردنی 3 یاریزانی لە تیپی یەكەمی یانەكەی دەركردووە.

ڤالڤێردی داوای لە بەرپرسانی یانەكەی كردووە بەزووترین كات هەوڵی فرۆشتنی ئەو 3 یاریزانە بدەن، چونكە بەهیچ شێوەیەك بۆ وەرزی داهاتوو لە پێكهاتەی تیپەكەیدا شوێنیان نابێتەوە.

بەگوێرەی رۆژنامەكە ئەو سێ یاریزانەی كە ڤالڤێردی لە یانەی بەرشەلۆنە دەری كردوون برێتین لە تۆماس ڤێرمایلینی بەرگریكاری بەلجیكی، دۆگلاسی بەرگریكاری بەڕازیلی و مونیر حەدادی هێرشبەری ئیسپانی.

هەرسێ یاریزانەكە ئەمساڵ دوای تەواوبوونی ماوەی خواستنیان گەڕانەوە ریزی یانەی بەرشەلۆنە، ڤێرمایلین لە یانەی رۆمای ئیتاڵی یاری كرد و دۆگلاس و مونیر لە خولی ئیسپانیا لە ریزی یانەكانی سپۆرتینگ خیخۆن و ڤالێنسیا یارییان كردبوو.

لای خۆشییەوە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە هەرسێ یاریزانەكەیان خستووەتە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانەوە بۆ ئەوەی كڕیاریان بۆ بدۆزنەوە.

جێی باسە ڤالڤێردی ماوەیەكی كەمە ئەركی راهێنەرایەنی یانەی بەرشەلۆنەی وەرگرتووە و بەرەبەیانی یەكشەم لە یەكەم یاریی تاقیكردنەوەدا بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لە یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی بردەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م