میسی و نیمار لە رۆناڵدۆ باشترن

:: AM:11:56:24/07/2017 ‌

راهێنەری یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی رایگەیاند كە بەڕای ئەو هەردوو ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی و نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی لە ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید كریستیانۆ رۆنالدۆی پورتوگالی باشترن.

یانەی یۆڤانتۆس بەرەبەیانی دوێنێ یەكشەم لە یارییەكی هەڤاڵینیدا لە چوارچێوەی یارییەكانی پاڵەوانیەتیی جامی پاڵەوانان بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە دۆڕا بوو.

هەردوو گۆڵەكەی یانەی بەرشەلۆنە لەلایەن نیمار بەشێوەیەكی جوان هاتبوونە تۆماركردن.

ماسیملیانۆ ئەلیگری راهێنەری یانەی یۆڤانتۆس دوای یارییەكە لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە جیاوازی نێوان میسی و رۆناڵدۆ گوتبووی: رۆناڵدۆ یاریزانێكی ئەستێرەیە و لەنێو یاریگەی جوانترین ئاست پێشكەش دەكات، بەڵام بەڕای خۆم پێموایە ئاستی میسی زۆر لەو باشترە.

زیاتر گوتبووی: نەك تەنیا میسی، هەروەها ئاستی ئێستای یاریكردنی نیماریش لە رۆناڵدۆ باشترە.

جێی باسە رۆناڵدۆ لە نوێترین چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو كە راستە ركابەری لەگەڵ باشترین یاریزانانی ئێستای جیهان وەك میسی و نیمار و لیڤاندۆفیسكی و هیگواین دەكات، بەڵام ركابەرییەكەی شەریفانەیە بۆ ئەوەی هەموو ساڵێك خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان بباتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م