پیكێ چارەنووسی نیماری لە بەرشەلۆنە ئاشكرا كرد
تا ئێستا هەواڵ و دەنگۆكانی رۆیشتنی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بۆ یەكێك لە یانەكانی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی و مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی كۆتایی نەهاتووە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە بەگوێرەی نوێترین زانیارییەكان باوكی نیمار لە دوایین كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە جەختی كردووەتەوە كوڕەكەی بۆ وەرزی داهاتوو هەر لە یاریگەی كامپ نوو دەمێنێتەوە و ئارەزووی رۆیشتنی بۆ هیچ یانەیەكی تر نییە.
گیرارد پیكێی بەرگریكاری یانەی بەرشەلۆنە بە بڵاوكردنەوەی وێنەیەك چارەنووسی نیماری لە یانەی بەرشەلۆنە یەكلایی كردەوە، لە وێنەكەدا هەردوو ئەستێرەكە دەردەكەون و لە ژێرەوەشی نووسراوە "دەمێنێتەوە".
بەو وێنەیە پیكێ هەوادارانی یانەی بەرشەلۆنەی دڵنیا كردووەتەوە لە پاشگەزبوونەوەی نیمار لە بڕیاری رۆیشتن و مانەوەی لە ریزی یانەكەیدا بۆ وەرزی داهاتوو.
هیوا و ئارەزووی نیمار لە جێهێشتنی یانەی بەرشەلۆنە ئەوەیە لە یانەیەكی تر ببێتە ئەستێرەی یەكەم بۆ ئەوەی لە بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆڕ و باشترین یاریزانی جیهان نزیك بێتەوە كە دەستكەوتنی ئەمە لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە بۆ ئەو مەحاڵە بەهۆی بوونی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە ریزی یانەكەدا.
جێی باسە نیمار لە هاوینی 2013 بە گرێبەستێك لە یانەی سانتۆسی بەڕازیلی پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كرد و لە ماوەی ئەو 4 وەرزەشدا 10 ناسناوی گەورەی لەگەڵ یانەكە بەدەستهێنا و سەرەتای ئەمساڵیش گرێبەستێكی نوێی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە تا ساڵی 2021 ئیمزا كرد.
وشە -
ئامانج ئهكرهم