به‌پێی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی له مۆزه‌خانه‌ی شارستانیی هه‌ولێر هه‌ڵگیراون، حه‌ز و ویستی مرۆڤ بۆ دروستكردن و به‌كارهێنانی موت و موور و بابه‌تی جوانكاریی ژنان، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 600 ساڵ به‌ر له زاین.
به‌پێی به‌و به‌دواداچوونه رۆژنامه‌وانییه‌ی "وشه" له مۆزخانه‌كان ده‌یكات بۆ پێداویستییه سه‌ره‌تایییه‌كانی مرۆڤ و مێژووه‌كه‌یان له كوردستان، له مۆزه‌خانه‌ی هه‌ولێر ده‌رده‌كه‌وێ، "هه‌بوونی شه‌ش گواره كه پێنجیان له مس دروست كراون و دانه‌یه‌كیان له زێڕ، هاوكات چوار ملوانكه كه پێ ده‌چێت له به‌رد دروست كرابن، له ناو ژووری ژماره دووی مۆزه‌خانه‌ی شارستانی هه‌ولێر، ده‌یسه‌لمێنن مرۆڤ له سه‌رده‌می زۆر كۆنه‌وه هه‌وڵی داوه بۆ به‌كارهێنانی كه‌ره‌سته‌كانی جوانكاری بۆ مه‌به‌ستی جۆراوجۆر".
ئه‌و پارچانه كه له گه‌ڕه‌كی عه‌ره‌بی /نزیك سه‌نته‌ری هه‌ولێر و قه‌ڵا/ له‌ناو گۆڕێك دۆزراونه‌ته‌وه، له ماده‌ی جۆراوجۆر دروست كراون كه بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئاشووری نوێ واتا 611-911 پ.ز ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
هه‌ر له‌و هۆڵه‌ی مۆزه‌خانه‌ی هه‌ولێردا، دوو ملوانه‌كه‌ى دروستكراو له به‌ردی به‌نرخ و دوو گواره‌ی دروستكراو له زێڕ دانراون. نه‌خشی سه‌ر گواره زێڕه‌كه نه‌خشێكی زۆر سه‌رده‌مییانه‌یه كه ئێسته‌ش له‌سه‌ر هه‌ندێ پارچه‌ی زێڕ ده‌بینرێت، هه‌روه‌ها ملوانكه‌یه‌كی زێڕی تیادایه به شێوازی بازنه‌یی دروست كراوه و به نه‌خش و نیگار و پارچه‌ی زیاده‌وه هاتووه‌ته رازاندنه‌وه.
ئه‌م پارچانه به گوته‌ی شوێنه‌وارناسان، به ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌ڵكۆڵینی شوێنه‌واری له گه‌ڕه‌كی عه‌ره‌بی ناوشاری هه‌ولێر داده‌نرێت، به‌كارهێنانی كه‌ره‌سته‌كانی جوانكاری ژنان له سه‌رده‌می پێش ئیسلامه‌وه گوازراوه‌ته‌وه بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداری ئیسلامی، به‌ڵكو پێشكه‌وتن و گوڕانكاریشی به‌خۆیه‌وه بینیوه كه ئه‌ویش به ته‌رخانكردنی جامخانه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ئیكسسواراتی سه‌رده‌می ئیسلامی له هۆڵی ژماره سێی مۆزه‌خانه‌كه كه تایبه‌ته به خستنه‌ڕووی پارچه شوێنه‌وارییه‌كانی سه‌رده‌می ئیسلام، به‌دیار ده‌كه‌وێت.
ئه‌و جامخانه‌یه پارچه‌یه‌كی یه‌كجار زۆری ئیكسسواراتی تێدایه كه بریتین له خڕخاڵ، بازن و ملوانكه كه له شتی جۆراوجۆری وه‌ك ئاسن و مس و به‌ردی به‌نرخ دروست كراون و مێژوویان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مه جیاوازه‌كانی هاتنی ئیسلام. له‌م جامخانه‌یه ژماره‌یه‌ك بابه‌تی جوانكاری هه‌ن كه له ئێسك و عاجی فیل دروست كراون.
وشه/سارا سه‌ردار