بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی ئاشكرای دەكات، لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، 119 ئافرەت سوودیان لە ماڵی داڵدەدانی ئافرەتان وەرگرتووە و لە ئێستەدا 29 ئافرەت لەو ماڵە ماونەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 24ـی تەمووز، عومەر گوڵپی بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، وەك بەشێك لە پابەندی بە شەفافییەت و بەرچاوڕوونی هاووڵاتییان، ئاماری شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2017 "واتە لە 1ی 1 تا 30ی 6ی 2017" بۆ ڕای گشتی و هاووڵاتییان دەخەینە ڕوو.
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی سلێمانی دەڵێت، ژمارەی ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی لە فەرمانگەكانمان تۆمارن تا 2013 بریتییە لە 30 هەزار و 296 پرۆسەی دووبارە پشكنینەوەدا كە بە فەرمانی ژمارە "1515"ـی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لە مانگی چواری 2016 دەستی پێ كردووە، پرۆسەكە بەم جۆرەیە: ژمارەی ئەوانەی فۆرمیان پڕ كردووەتەوە بریتییە لە 24 هەزار و 729، لەو ژمارەیەش 20 هەزار و 230 سەردانی لیژنە پزیشكییەكانیان كردووە، ژمارەی ئەوانەی بە پێی ڕێنوێنییەكان شایستە دەبن بریتییە لە 16 هەزار و 717، ئەوانەشی ڕێنوێنییەكە نایانگرێتەوە بریتین لە دوو هەزار 619 هاووڵاتی.
گوڵپی زیاتر گوتی، ژمارەی ئەو كەسانەی مۆڵەتیان وەرگرتووە یان نوێ كردووەتەوە بۆ بەخێوكردنی خاوەن پێداویستی تایبەت، بریتییە لە 125مۆڵەت، مۆڵەتەكانیش زۆرترینیان لە وەزارەتی پەروەردەن 61، كەمترینیان لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنە كە تەنیا 2مۆڵەتە، مۆڵەتەكانیش بە پێی ڕەگەز 63 یان كور ِو 62 یان مێ، بە پێی كەسە نزیكەكانیش بریتییە لە 106 دایك و 14 باوك و 3 برا و 2 خوشك.
ئەم بەڕێوەبەرە زیاتر دەڵێت، ژمارەی ئەو مووچانەی دابەش كراون لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2017، بریتییە لە مووچەی مانگەكانی "6 و 7 و 8 و 9 و 10ی 2016"كە بڕەكەی بریتییە لە نۆ ملیار و 627 ملیۆن و 410 هەزار دینار.
لەبارەی ماڵی داڵدەدانەوە گوڵپی ئاشكرای كرد، ژمارەی ئەو ئافرەتانەی كە سوودمەندبوون لە خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكانی ماڵی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشە لێكراو و پارێزراون بریتییە لە 119 ئافرەت و 15 منداڵ لە شەش مانگدا، ژمارەی ئەو ئافرەتانەی كە لە ئێستەدا لە ماڵەكە داڵدە دراون، بریتییە لە 29 ئافرەت و 14 منداڵ.
هەرچی بەساڵاچووانە گوڵپی دەڵێت، ژمارەی ئەو بەساڵاچووانەی سوودیان لە خانەی بەساڵاچووان وەرگرتووە، بریتییە لە 59بەساڵاچوو، لە ئێستەشدا 45بەساڵاچوو لە خانەكەدا ژیان بەسەر دەبەن 35 پیاو و 10 ئافرەت، ژمارەی بەساڵاچووە پەككەوتەكان تیایدا 15 پەككەوتەیە.