هه‌ردوو گۆرانیبێژ محه‌مه‌د جه‌مال و ره‌وا عه‌بدول، هه‌ریه‌كه‌یان گۆرانییه‌كی نوێیان تۆمار كردووه كه بڕیاره به‌م زووانه بڵاو ببنه‌وه. گۆرانییه‌كه‌ى محه‌مه‌د جه‌مال به‌ناوی "ئێسته‌ش خۆشم ده‌وێیت"یه و گۆرانییه‌كه‌ی ره‌وایش به‌ناوی"تازه دوای چی"یه.
له‌وباره‌یه‌وه محه‌مه‌د جه‌مال به"وشه"ى راگه‌یاند: "ئێسته‌ش خۆشم ده‌وێیت" ناوى نوێترین گۆرانیمه، كاره‌كانى ئه‌و گۆرانییه به‌كۆتا هاتووه و له‌م ڕۆژانه بڵاوى ده‌كه‌ینه‌وه، له ئاوازى هونه‌رمه‌ند ئاریۆس حه‌مه‌سه‌عیده و له هۆنراوه‌ى ئیسماعیل محه‌مه‌ده. هه‌ریه‌ك له موزیكژه‌نان ڕه‌زوان به‌ئامێرى شمشاڵ و ئاریان جه‌لال به‌ئامێرى گیتار موزیكی ئه‌و به‌رهه‌مه‌یان ئه‌نجام داوه و له ستۆدیۆى ئاریۆس كارى تۆمار كراوه.
هه‌روه‌ها گۆرانیبێژ ڕه‌وا عه‌بدول نوێترین گۆرانیى خۆی به‌ناوی "تازه دوای چی" بڵاو ده‌كاته‌وه و له‌وباره‌یه‌وه به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌و به‌رهه‌مه له ئاوازى هونه‌رمه‌ند بورهانى موفتى زاده‌یه و له هۆنراوه‌ى یه‌حیا به‌رزنجییه. ئه‌فشین شوكرى موزیكى بۆ كردووه و ڤینۆ پڕده‌كشن كارى به‌رهه‌مهێنانى بۆ كردووه .
هه‌روه‌ها گوتی، ئه‌و گۆرانییه له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ر ئارام سه‌ردار ده‌رهێنانى بۆ كراوه و له توركیا كلیپى بۆ كراوه .
ره‌وا عه‌بدول له‌دایكبووى ساڵى 1982ى شارى سلێمانییه و ده‌رچووى كۆلێژى پزیشكى ددانه، ساڵى 2013 یه‌كه‌م ئه‌لبوومى به‌ناوى "گه‌ڕانه‌وه" بڵاو كردووه‌ته‌وه كه له 14 تراك پێك هاتووه.
محه‌مه‌د جه‌مال خاوه‌ن چه‌ند به‌رهه‌مێكى هونه‌رییه، له ساڵى 1991 له شارى سلێمانى له دایك بووه و خوێندكارى قۆناغى دووى كۆلێژى هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانییە.
هه‌ولێر/ شاخه‌وان شێخانى