ئەندامێكی ئەنجوومەنی كۆمیسیۆن دەستی لەكار كێشایەوە

:: PM:03:46:24/07/2017 ‌
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانى كۆمیسیۆنى هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێمى كوردستان، ئەندامێكی ئەنجوومەنه‌كه‌ دەستی لەكار كێشایەوە، ئەمەش بەهۆی نەگەیشتن بە وەڵام بۆ فەرمانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان له‌باره‌ى دیارى كردنى رۆژى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

ئەمڕۆ دووشەم 24ـی تەمووز، سەمەد بێتواتە ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردن و ڕاپرسی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ تا سەعات 12 و نیو لە دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران ئامادەبووم، بەڵام لەناو خۆماندا نەگەیشتین بەهیچ بڕیارێك، بۆیە دەستم لەكار كێشایەوە.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران دەڵێت، فەرمانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاتووە بۆ كۆمیسیۆن، بەڵام چەند كۆبوونەوە دەكەین، ناگەین بەهیچ بڕیارێك لەناو كۆمیسیۆن و دەستی دەستی دەكرێت بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر نەدرێت، منیش دەستم لەكار كێشایەوە.

سەمەد بێتواتە ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی هەرێمی كوردستان بوو لەسەر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان.

19ی ئەم مانگە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی ژمارە 128ی تایبەت بە دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان واژوو كرد.

 بە پێی بڕیارەكە رۆژی ١/١١/٢٠١٧ دیاری كراوە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان 25 ئەیلوول ڕاپرسی دەكات بۆ جیابوونەوە یان مانەوە لە عێراق.



وشە - رامیار جەواد