چێڵسی خاوەن ریمۆنتادای بەرشەلۆنەی دەوێ

:: AM:09:25:25/07/2017 ‌

بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان یانەی چێڵسی پاڵەوانی ئینگلتەڕا خوازیارە لە ماوەی گواستنەوەی ئێستای یاریزاناندا گرێبەست لەگەڵ سێرجی رۆبێرتۆی یاریزانی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئیمزا بكات.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: یانەی چێڵسی ئامادەیی خۆی پێشانداوە ئەو پارەیە بداتە یانەی بەرشەلۆنە كە وەك مەرج بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی رۆبێرتۆ دیاری كردووە.

مەرجەكەی یانەی بەرشەلۆنە برێتییە لە 40 ملیۆن یۆرۆ، ئەگەر یانەی چێڵسیش ئەو پارەیە بدات یانە كەتەلۆنییەكە ناتوانێ هیچ رێگرییەك لە رۆیشتنی ئەو یاریزانە لاوەی بكات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی چێڵسی ئێستا بەدوای یاریزانێك دەگەڕێ بتوانێ لە لای راستی هێڵی بەرگری یاریی بكات دوای لەدەستدانی دانێلۆی بەرگریكاری یانەی ریال مەدرید بۆ یانەی مانچستەر سیتی ركابەری.

جێی باسە یانەی چێڵسی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی نایابی ئینگلیزی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزاناندا تا ئێستا گرێبەستی لەگەڵ ئەلڤارۆ مۆراتای هێرشبەری یانەی ریال مەدرید، ئەنتۆنیۆ رۆدریگیز لە یانەی رۆما و ویلی كابایێرۆی گۆڵپارێزی یانەی مانچستەر سیتی كردووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م