ئه‌نجوومه‌نى ناوه‌ندى یه‌كێتى كه به په‌رله‌مانى حزب ناسراوه، سه‌ره‌ڕاى بوونى ده‌سه‌ڵاتێكى فراوان بۆ لێپێچینه‌وه و وردبینیى ئیشوكارى حزب و ئۆرگانه‌كان، به‌ڵام ئیشوكاره‌كانى سستن و تا ئێسته نه‌یتوانیوه لێپرسینه‌وه‌ى رژد له‌سه‌ر دۆسیه دیاره‌كانى حزبه‌كه‌ى بكات، ئه‌وه‌ش بۆ ناكۆكییه‌كانى یه‌كێتى ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه.
ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ند له‌ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا ڕۆڵی په‌رله‌مانی حزبه‌كه ده‌بینێت و وه‌ك ئه‌نجوومه‌نێكی لێپرسینه‌وه و ڕاوێژكاری كار ده‌كات. ئه‌گه‌رچی ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ند باڵاترین ئه‌نجوومه‌نی حزبه‌كه نییه و هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی پله‌یه‌كی باڵاتر و ده‌سه‌ڵاتێكی فره‌وانتریان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نه‌كه توانای لێپێچینه‌وه‌ی له هه‌ردوو ئه‌و ئه‌نجوومه‌نانه هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه كه له كۆنگره‌ى سێى حزبه‌كه په‌سه‌ند كراوه و 101 ئه‌ندامى هه‌یه، تا ئێسته هیچ كارێكى گرنگ و هه‌ستیارى نه‌كردووه و سست و بێ كاریگه‌ره.
سیروان كوێخا نه‌جم ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بۆ "وشه"ـى ڕوون كرده‌وه، یه‌كێتی كه‌وتووه‌ته گێژاوى كێشه ناوخۆیییه‌كانیه‌وه، ئه‌وه‌ش كاریگه‌رى خستووه‌ته سه‌ر هه‌موو ئۆرگانه‌كان به ئه‌نجوومه‌نى ناوه‌ندیشه‌وه.
ئه‌و گوتى، "مه‌كته‌بى سیاسى به قسه‌ى سه‌ركردایه‌تیش ناكات، بڕیاره‌كانى سه‌ركردایه‌تى جێبه‌جێ ناكات، بێگومان بۆ ئه‌نجوومه‌نى ناوه‌ندیش هه‌روایه."
بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى متمانه و ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌كانى حزب، پێویستمان به گه‌ڕانه‌وه بۆ پێڕه‌وى ناوخۆ هه‌یه. سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ى یه‌كێتى واى گوت.
یه‌كێك له ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه یاسادان و ڕه‌زامه‌ندیی ده‌ربڕینه له‌سه‌ر بڕیاره‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، به جۆرێك بۆ په‌سه‌ندكردنی بڕیارێك پێویسته دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كه كاری پێ بكرێت. ئه‌نجوومه‌نه‌كه ١١ كۆمیسیۆن له‌خۆ ده‌گرێت كه ئه‌ركی تایبه‌ت و جیاواز له یه‌كیان هه‌یه.
ڕزگار عه‌لی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی به "وشه"ـى گوت، "نابێت هیچ پانتایییه‌ك له نێوان سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌نجوومه‌نى ناوه‌نددا هه‌بێت كه به‌داخه‌وه هه‌یه و ئه‌وه‌ش ئه‌نجوومه‌نى ناوه‌ندى تا ڕاده‌یه‌ك سست كردووه."
زیاتر گوتی، "ئه‌و جیاوازیی هه‌ڵوێسته‌ی نێوان مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی و كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی و ئه‌نجوومه‌نى ناوه‌ند سروشتی نییه، ئه‌وه‌ش بۆ پابه‌ندنه‌بوون به پێڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتییه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه له لایه‌ك و له لایه‌كی تریشه‌وه بۆ ئه‌و كێشه ناوخۆیییانه‌ی یه‌كێتی ده‌گه‌ڕێته‌وه."
یه‌كێتى دواى نه‌خۆشكه‌وتنى تاڵه‌بانى سكرتێرى گشتیى حزبه‌كه، كه‌وته بۆشایى سه‌ركردایه‌تى و بڕیاردانه‌وه و به‌و هۆیه‌شه‌وه كێشه ناوخۆیییه‌كانى تا ئه‌مڕۆ له په‌ره‌سه‌ندندان و تواناى بڕیاردان و كۆده‌نگى ناو سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ى كه‌م بووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش واى كردووه سه‌رجه‌م ئۆرگانه حزبییه‌كانى یه‌كێتى لاواز ببن.
ئیبراهیم جه‌لال ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى ناوه‌ندى یه‌كێتى بۆ "وشه"ـى ئاشكرا كرد، سستى ئه‌نجوومه‌نى ناوه‌ند پێوه‌ندى به كێشه‌كانى یه‌كێتییه‌وه هه‌یه، چونكه ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه له‌ناو ناكۆكى و باڵه جیاوازه‌كاندا په‌كى كه‌وتووه.
ئه‌وه‌شی گوت، "بۆ كاراكردنه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى ناوه‌ند و دانى بڕیارى پێویست، پێویسته یه‌كێتى كۆنگره ببه‌ستێت و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ى به‌ڵێنى ملكه‌چى له به‌رده‌م ئۆرگانه چاودێریكه‌ره‌كانى حزبه‌كه‌ى بدات."
وه‌ك ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاند، ئه‌نجوومه‌نى ناوه‌ند به‌شێكه له ئۆرگانه‌كانى یه‌كێتى و ناكۆكى و باڵباڵێن به هه‌مان شێوه گواستراوه‌ته‌وه ناو ئه‌نجوومه‌نه‌كه.
وشه/ سلێمانى- هه‌ستى كه‌مال