ئایدن مه‌عرووف: توركمانه‌كانى كوردستانیش هه‌مان چاره‌نووسی كوردیان هه‌یه‌

:: AM:10:21:25/07/2017 ‌
كوردستان له‌ عێراق دیموكراسیتره‌ و پێكهاته‌كان ده‌توانن له‌ مافه‌كانیان سوودمه‌ند بن

ئایدن مه‌عرووف به‌رپرسى به‌ره‌ى توركمانى له‌ كوردستان و ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ دیدارێكى "وشه‌"دا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ توركمانه‌كانى كوردستان هه‌مان چاره‌نووسى كوردیان هه‌یه‌، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تى سیاسى كورد نه‌یتوانیوه‌ متمانه‌ بۆ توركمانه‌كانى ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌تى عێراق دروست بكات. 
مه‌عرووف ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌راورد به‌ عێراق دیموكراسیتره‌ و پێكهاته‌كان ده‌توانن مافه‌كانیان به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن.

توركمان به‌شداری له‌ پرۆسه‌ى سیاسی كوردستان و عێراق كردووه‌، كام ژینگه‌یان گونجاوتر بووه‌ و مافه‌كانتانى زیاتر به‌رجه‌سته‌ كردووه‌؟
به‌شداریكردنى پێكهاته‌كان له‌ پرۆسه‌ى سیاسی چ له‌ كوردستان یان عێراق، بنه‌مایه‌كى باشه‌ بۆ پراكتیزه‌كردنى سیسته‌می دیموكراسی، كاریگه‌ری ئه‌رێنیشى ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تی. وه‌ك توركمان به‌شدارین له‌ په‌رله‌مانى كوردستان و په‌رله‌مانى عێراق، به‌ڵام گرنگه‌ به‌شداربوونه‌كه‌ كاریگه‌ریى هه‌بێت نه‌ك بۆ جوانكردنى سیمای هه‌ر لایه‌كیان.

توركمانه‌كانى كوردستان و عێراقیش گله‌یییان هه‌یه‌، توركمان نوێنه‌رى له‌ حكوومه‌تى عێراق نییه‌، ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ى ده‌ستوور پێشێلكارییه‌، به‌ڵام له‌ كوردستان ئه‌گه‌رچى به‌ سیسته‌مى كۆتا به‌شدارین، رێژه‌كه‌ى زیاتره‌، له‌مه‌دا كوردستان زیاتر دیموكراسیتره‌ و پێكهاته‌كان ده‌توانن به‌رجه‌سته‌ى مافه‌كانیان بكه‌ن، بۆیه‌ گله‌یی زیاترمان له‌ حكوومه‌تى عێراقه‌ به‌وه‌ى هه‌م رێژه‌ى توركمانی زیاتره‌ و هه‌میش نه‌یتوانیوه‌ پارێزگارییان لێ بكات به‌ تایبه‌ت كاتى هاتنى داعش.

له‌ هه‌مووى گرنگتر كاتێك داوای مافه‌كانى خۆمان ده‌كه‌ین، له‌ كوردستان و عێراقیش په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر حزبی جێگره‌وه‌ به‌ناوى نوێنه‌رایه‌تیى توركمان، ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌ ئاستى عێراق، له‌ ئاستى نێوده‌وڵه‌تیش زانیارییان هه‌یه‌ ئه‌وانه‌ نوێنه‌ری توركمان نین، بۆیه‌ ئه‌مه‌ سیاسه‌تێكى هه‌ڵه‌یه‌ و دووباره‌كردنه‌وه‌ى هه‌مان سیاسه‌تى به‌عسه‌ به‌رامبه‌ر كورد كه‌ حزبی كوردی دروست كردبوو به‌شداری سیسته‌مى سیاسییان پێ ده‌كرا، دروستكردنى حزبی جێگره‌وه‌ له‌ خزمه‌تی پرۆسه‌كه‌ نییه‌.

مه‌به‌ستته‌ بڵێى حزبی جێگره‌وه‌ پێش توركمان، زیانی به‌ كورد گه‌یاندووه‌؟
حزبی ده‌سه‌ڵاتدار كه‌ حزبی جێگره‌وه‌ى دروست كردووه‌، زیانى به‌هه‌ردوولا گه‌یاندووه‌، هۆكاره‌كه‌ حزبی ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ دروستى كردوون و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پێكه‌وه‌ژیان نابێت، له‌ به‌رژه‌وه‌ندى كورد، توركمان و مه‌سیحییه‌كان نابێت. بۆیه‌ زیانى به‌ پێوه‌ندییه‌كانى به‌ره‌ی توركمانى و سه‌ركردایه‌تیى كورد گه‌یاندووه‌ و هۆكارێك بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌یه‌كتر نزیك نه‌بینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و حزبانه‌ به‌ ویستى خۆیان سیاسه‌ت بكه‌ن، ئه‌وا رێزیان لێ ده‌گرین و یارمه‌تیشیان ده‌ده‌ین، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ زیانى ده‌بێت چ له‌ كوردستان چ له‌ عێراق، ئه‌مه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى خراپیشی له‌سه‌ر كه‌ركووك هه‌بووه‌.

توركمان یه‌كێكه‌ له‌و پێكهاتانه‌ى داعش كردنى به‌ ئامانج، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌، به‌نیازن له‌ داهاتوو چی بكه‌ن، كاتێك حكوومه‌تى عێراق پارێزگاری لێ نه‌كردن و پێشمه‌رگه‌ به‌رگری له‌ پێكهاته‌كان كرد؟
پێشمه‌رگه‌ پارێزگاری لێ كردین و ئه‌مه‌ش جێى رێز و پێزانینه‌، بۆیه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ نابینین له‌سه‌ر توركمان، به‌ڵام بۆ داهاتوو ترسمان هه‌یه‌ ئه‌م جاره‌ له‌لایه‌ن هێزێكى مه‌زه‌وی هه‌مان حاڵه‌ت دووباره‌ ببێته‌وه‌، بۆیه‌ هیچ پڕۆژه‌یه‌كى مه‌زه‌وی قبووڵ ناكه‌ین.

كه‌واته‌ بۆ داوای هێزی پێشمه‌رگه‌ ناكه‌ن؟
سێ ساڵ پێش ئێسته‌ له‌گه‌ڵ كوردستان گه‌یشتینه‌ رێككه‌وتن بۆ دروستكردنى لیوایه‌كی توركمانی بۆ پاراستنى ناوچه‌كانمان، به‌ڵام دواتر ئه‌و رووداوانه‌ى به‌سه‌ردا هات و بێده‌نگی لێ كرا، ئێسته‌یش ئه‌سته‌مه‌ دروست بكرێت. هه‌رێمى كوردستان له‌ رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ عێراق پرس و راوێژی به‌ توركمان نه‌كردووه‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت له‌ داهاتوودا هێزێكى تایبه‌ت به‌ توركمان دروست بكرێت. 

به‌ره‌ى توركمانى بۆ ناتوانێت له‌ پرسی ریفراندۆم خۆى یه‌كلا بكاته‌وه‌؟
زۆرینه‌ى توركمان له‌ ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌تى عێراقن، ئه‌وانه‌ى له‌ كوردستان ده‌ژین هه‌مان چاره‌نووسی كوردیان هه‌یه‌ و له‌و ناوچه‌یه‌ش نزیكترین نه‌ته‌وه‌ بۆ ئێمه‌ كوردن و پێوه‌ندی خزمایه‌تى و كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ نێوانماندا هه‌یه‌. به‌ڵام وه‌ك به‌ره‌ى توركمانى ریفراندۆم له‌ ئێسته‌دا به‌گونجاو نابینین، چونكه‌ ره‌وشێكى تایبه‌تمان هه‌یه‌ و هێشتا ته‌له‌عفه‌ر له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعشدایه‌، ئه‌مه‌ هۆی سه‌ره‌كییه‌، به‌ڵام ماناى وا نییه‌ دژی مافه‌كانى كوردین. ره‌نگه‌ توركمانه‌كانى له‌ كوردستان ده‌ژین راى جیاوازتریان هه‌بێت له‌وانه‌ى له‌ ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌تى عێراقن كه‌ تا ئێسته‌ متمانه‌یان به‌ لایه‌نی سیاسیی كوردی نییه‌ و ماوه‌ى 14 ساڵه‌ ئه‌وان نه‌یانتوانیوه‌ متمانه‌ى توركمان به‌ده‌ست بێنن.

كه‌وایه‌ به‌ربه‌ست چییه‌ كه‌ نه‌توانراوه‌ به‌ دیوه‌ سیاسییه‌كه‌ى سوود له‌و پێوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ وه‌ربگیرێت و متمانه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولا دروست بكرێت؟
هێزه‌ سیاسییه‌كانى هه‌ردوولامان كه‌مته‌رخه‌من و نه‌مانتوانیوه‌ پێوه‌ندییه‌كانمان به‌هێز بكه‌ین، به‌ڵام هۆى یه‌كه‌م لایه‌نى ده‌سه‌ڵاته‌.

پێتان وایه‌ ئه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تى توركمان ده‌كات له‌ ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ریفراندۆم، نوێنه‌رى توركمان نییه‌؟
هه‌ر ئێمه‌ نا، خه‌ڵك و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى تریش واى ده‌بینین، به‌ڵام ناڕه‌زاییه‌تیمان نییه‌ له‌ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له‌ سنووری هه‌رێمى كوردستان. وه‌ك به‌ره‌ى توركمانیش سیاسه‌تى ئه‌مری واقیع قبووڵ ناكه‌ین چ له‌ كوردستان ده‌ربچێت یان له‌ عێراق بێ راوێژكردن به‌ ئێمه‌.

وه‌ك به‌ره‌ى توركمانی پڕۆژه‌تان هه‌یه‌ داوای ماف و داواكاری خۆتان بكه‌ن بۆ پشتگیریكردنى ریفراندۆم؟
وه‌ك باسم كرد هێشتا مه‌ترسی داعش له‌سه‌ر توركمان هه‌یه‌، ئاینده‌ى ناوچه‌ توركمانییه‌كان دیار نییه‌، به‌ڵام رێزمان بۆ مافه‌كانى كورد هه‌یه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌، ده‌بێت له‌ چوارچێوه‌ى یاسا و به‌ رێككه‌وتن بێت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق، ئه‌گه‌ر وا بێت ئێمه‌ له‌گه‌ڵیداین.

ده‌زانن راى توركیا چۆنه‌، چۆن ده‌توانرێت سوود له‌ پێوه‌ندییه‌كانى به‌ره‌ى توركمانی وه‌ربگیرێت بۆ نێوه‌ندگیریی نێوان كوردستان و توركیا؟
هیچ لایه‌نێك داوای له‌ ئێمه‌ نه‌كردووه‌ و به‌ره‌ى توركمانی رای وایه‌ كاتى ریفراندۆم گونجاو نییه‌، به‌ڵام وه‌ك به‌ره‌ هه‌میشه‌ پشتگیری له‌ پێوه‌ندییه‌كانى كوردستان و توركیا ده‌كه‌ین وه‌ك وڵاتێكى گرنگ له‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵام ئه‌مه‌ پرسێكى ناوخۆى عێراقه‌ و پێوه‌ندیدار نییه‌ به‌ توركیا، ئه‌گه‌رچى توركیا راى تایبه‌تى خۆی هه‌یه‌. ئێسته‌ش پێوه‌ندییه‌كانى كوردستان و توركیا له‌ڕووى سیاسی، دیپلۆماسی و ئابووری زۆر به‌هێزه‌.

ئه‌گه‌ر عێراق به‌ ئه‌نجامى ریفراندۆم رازی بێت و ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم ده‌نگی "به‌ڵێ" زۆرینه‌ بوو، به‌ره‌ى توركمانی هه‌ڵوێستى چى ده‌بێت؟
هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی توركمان نه‌بێت، پشتگیری لێ ناكه‌ین، به‌تایبه‌ت پارچه‌كردنى عێراق كه‌ ده‌بێته‌ پارچه‌بوونى توركمانه‌كانیش، بۆیه‌ پشتگیری لێ ناكه‌ین تا دڵنیا نه‌بین پڕۆژه‌كه‌ به‌ جۆرێكه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى توركماندایه‌.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر كوردستان ببێته‌ ده‌وڵه‌ت زۆرینه‌ى توركمان ده‌كه‌ونه‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ و ده‌بنه‌ نه‌ته‌وه‌ی دووه‌م، ئه‌مه‌ له‌ سوودی توركمان نابینن؟
تا ئێسته‌ متمانه‌ نییه‌ و گه‌ره‌نتى نه‌دراوه‌، بۆیه‌ ترسمان هه‌یه‌، كاتێك ناڕه‌زایه‌تیمان هه‌یه‌ لایه‌نى به‌رامبه‌ر جێگره‌وه‌ به‌ناوى نوێنه‌رایه‌تى توركمان دروست ده‌كات.



وشە - فه‌رمان سادق