بەرشەلۆنە بۆ رازیكردنی نیمار گرێبەست لەگەڵ 2 یاریزانی نوێ دەكات

:: AM:10:23:25/07/2017 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بەڵێنی بە نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی داوە لەبەرامبەر مانەوەی لە ریزی یانەكەیان گرێبەست لەگەڵ 2 ئەستێرەی بەڕازیلی بكات.

لەچەند رۆژی رابردوودا نیمار نزیك بوو ریزی یانەی بەرشەلۆنە جێبێڵێ دوای ئەوەی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی ئامادەیی خۆی پێشاندابوو بڕی 222 ملیۆن یۆرۆ لە پێناو گرێبەستكردنیدا خەرج بكات.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە توانیویانە نیمار رازی بكەن لە ریزی یانەكەیاندا بمێنێتەوە دوای ئەوەی بەڵێنیان پێداوە گرێبەست لەگەڵ 2 ئەستێرەی نوێ ئیمزا بكات.

ئەو دوو یاریزانە نوێیەی كە یانەی بەشەلۆنە هەوڵیان بۆ دەدات بەڕازیلین و هاونیشتمانی نیمارن و برێتین لە فیلیپ كۆتینیۆی ئەستێرەی یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی و پاولینیۆی ئەستێرەی یانەی گوانگزهۆی چینی.

رۆژنامەكە جەختیشی كردەوە كە نیمار بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری یاریزانانی هاونیشتمانی لە یانەی پاریس سان جێرمانن ئارەزووی چوونی بۆ ئەو یانەیە دەكات كە ئەوانیش برێتین لە تیاگۆ سیلڤا، ماركینیوس، دانیێل ئەلڤێس و لۆكاس مۆرا.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا كە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە بەجیدی كار لەسەر گرێبەستكردن لەگەڵ هەردوو یاریزانەكەی بەڕازیل دەكەن و بەڵنیشیان بە نیمار داوە بەڵێنەكەیان بەجێ بگەیەنن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م