سلێمانی مالئاوایی كرد و كەركووكیش گەیشتە خولی نایابی عێراق

:: AM:10:50:25/07/2017 ‌

یانەی گازی باكوری شاری كەركووك بۆ یەكەمجار لە مێژووی خۆیدا گەیشتە خولی نایابی عێراق دوای سەركەوتنی بەرامبەر یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە یاریی یەكلاكەرەوەی خولی پلە یەكی عێراق بۆ گەیشتن بە خولی نایاب.

هەردوو یانەكە ئێوارەی دوێنێ لەسەر یاریگەی فڕەنسۆ هەریری لە شاری هەولێر رووبەڕووی یەكتر بوونەوە، هەردوو یانەكە لە گێمی یەكەمدا گۆڵیان لە رێگەی لێدانی سزاوە تۆمار كرد، سەرەتا یانەی گازی باكور لە خولەكی 10 لە رێگەی ئارس مستەفا گۆڵی یەكەمی یارییەكەی تۆمار كرد، پێش تەواوبوونی گێمەكەش لە خولەكی 46 پێشمەرگەی سلێمانی گۆڵی یەكسانبوونەوەی لە رێگەی دیار عەلی تۆمار كردەوە.

ئەگەر ئەنجامی یارییەكە بەمشێوەیە و بە یەكسانبوونی هەردوو یانەكە بە گۆڵێك تەواو بووبایە، ئەوا یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بەفەرمی سەردەكەوت بۆ خولی نایابی عێراق، بەڵام یانەی گازی باكور ئەم خەونەی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لەگۆڕنا و لە خولەكی 88 بەیار ئەبوبەكر گۆڵی دووەم و سەركەوتنی تۆمار كرد و بەفەرمی یانەكەی گەیاندە گەورەترین پاڵەوانیەتی تۆپی پێ لەسەر ئاستی عێراق لە وەرزی داهاتوودا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م